پوتن: لێکەوتەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران لە لێکەوتەکانی کۆرۆنا لەسەر جیهان قورسترن
سەرۆکی رووسیا، هۆشداریی لە دەرئەنجامەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەدات و دەڵێت؛ کەس توانای پێشبینکردنی لێکەوتەکانی ئەم جەنگەی نییە، بەڵام بە رای من لە لێکەوتنەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا قورسترن.
پێنجشەممە، 26ـی ئاداری 2026، ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی رووسیا، لە میانەی پێشکەشکردنی گوتارێک ئاماژەی بەوە دا، قورسە پێشبینی بۆ داهاتووی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەی، تەنانەت ئەمریکا، ئیسرائیل و ئێرانیش ناتوانن پێشبینی لێکەوتەکانی بکەن.
پوتن دەشڵێت؛ جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەلای رووسیاوە زۆر ئاڵۆز و پێشبینی نەکراوە.
پوتن دەشڵێت؛ تەنانەت هەندێک راپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، لێکەوتەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە لێکەوتەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسەر جیهان قورستر دەبن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.