سوپای ئیسرائیل: وێستگەی ئەتۆمیی ئەراکمان لە ئێران بۆردوومان کرد

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانیان، لە هێرشێکی ورددا وێستگەی ئاوی قورسی ئەراکیان لە ناوەڕاستی ئێران تێکشکاندووە. ئەم هێرشە دوای ئەوە دێت کە دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل چەندین هەوڵی تارانیان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ئەم دامەزراوە ستراتیژییە دەستنیشان کردووە، کە ناوەندێکی سەرەکییە بۆ بەرهەمهێنانی "پلۆتۆنیۆم" بۆ چەکی ناوەکی.

هەینی 27ی ئاداری 2026، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، رایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان بە رێنمایی وردی دەزگای هەواڵگریی سەربازی، گورزێکی نوێیان لە وێستگەی ئاوی قورسی ئەراک وەشاندووە. ئاوی قورس ماددەیەکی دەگمەنە و بۆ کارپێکردنی ئەو وێستگە ئەتۆمییانە بەکاردێت کە توانای بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمی ئاستی سەربازییان هەیە.

بەپێی ڕاگەیەندراوی سوپای ئیسرائیل، ئەم وێستگەیە نەک تەنیا لە رووی سەربازییەوە گرنگ بووە، بەڵکوو یەکێک بووە لە سەرچاوە ئابوورییە گرنگەکانی ئێران و ساڵانە دەیان ملیۆن دۆلار داهاتی بۆ ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمیی ئێران دابین کردووە. ئیسرائیل تاران تۆمەتبار دەکات بەوەی کە سەرەڕای پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و رێککەوتنی ناوەکی، بە ئەنقەست رێگری کردووە لە گۆڕینی کارایی وێستگەکە بۆ مەبەستی مەدەنی تاوەکوو توانای بەرهەمهێنانی چەکی ناوەکی بپارێزێت.

ئەم دامەزراوەیە پێشتریش لە چوارچێوەی جەنگی 12 رۆژە کرابووە ئامانج، بەڵام دوای ئەوەی سوپای ئیسرائیل چاودێری هەوڵە بەردەوامەکانی ئێرانی کرد بۆ نۆژەنکردنەوە و بنیاتنانەوەی شوێنەکە، بڕیاری دا جارێکی دیکە بۆردوومانی بکاتەوە و بە تەواوی لەکاری بخات.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە کە رێگە نادەن ئێران بەردەوام بێت لە پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی ناوەکی، چونکە وەک "هەڕەشەیەکی هەبوونی بۆ سەر ئیسرائیل و تەواوی ئاسایشی جیهان دەیبینن.