وەزارەتی خوێندنی باڵا: خوێندنی ئۆنڵاین دوایین بژاردەی ناچاریی دەبێت کە بیرى لێ بکەینەوە
وەزارەتی خوێندنی باڵا دووپاتی کردەوە، لەم بارودۆخەى ئیستا لەگەڵ خوێندنى ئۆنڵاین نین لە زانکۆ و پەیمانگەکانى کوردستان. جەختی لەوەش کردەوە، ئۆنڵاین دوایین بژاردەی ناچاریی دەبێت کە بیرى لێ بکەنەوە.
هەینی، 27ـی ئاداری 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی هەرێمی کوردستان، لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، دوای کۆبوونەوەی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا وهەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە، کە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنی قەیرانەکان لە سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەند کرا، بڕیار درا بە دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندن لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندنی باڵا (حکوومی و تایبەت) لە رۆژی یەکشەممە رێکەوتی 29ـی ئاداری 2026.
رێکارە کارگێڕی و زانستییەکان
وەزارەت ئاماژەی بەوە کردووە، کە رۆژێک پێش دەستپێکردنەوەی دەوام، واتە شەممە 28ـی ئادار، دەرگای بەشەناوخۆییەکان بە رووی قوتابییان دەکرێنەوە.
هاوکات زانکۆکان سەرپشک کراون لە پێداچوونەوە و رێکخستنەوەی ساڵنامەی خوێندن بە گوێرەی پێویستی. لە پێناو سوودوەرگرتن لە کات، جەخت کراوەتەوە کە ئەولەویەت بدرێت بە وانە کرداری و پراکتیکییەکان.
سەبارەت بە خوێندنی ماستەر، دکتۆرا، پێداگۆجی و سەنتەرەکانی زمان، وەزارەتەکە دەڵێت: پرۆسەکە بە پێی پلانی پێشوو بەردەوام دەبێت.
وەزارەت بڕیاری داوە ئەو قوتابییانەی ماستەر و دکتۆرا کە بەهۆی پشووەوە کاتی گفتوگۆی نامەکانیان تێپەڕیوە، قەرەبووی ئەو ماوەیەیان بۆ بکرێتەوە.
سەلامەتی و کواڵێتی خوێندن
وەزارەت جەختی لە رەچاوکردنی دۆخی دەروونی و سەلامەتیی قوتابییان کردووەتەوە و داوای لە زانکۆکان کردووە ئاسانکاری پێویست ئەنجام بدەن، بە مەرجێک کاریگەری نەرێنی لەسەر کواڵێتی و ئاستی زانستیی خوێندن دروست نەکات.
هەروەها وەزارەت و زانکۆکان بەردەوام دەبن لە هەڵسەنگاندنی بارودۆخەکە بۆ هەر گۆڕانکارییەک کە بێتە پێشەوە.
هەڵوێستی وەزیری خوێندنی باڵا
ئارام محەممەد قادر، وەزیری خوێندنی باڵا، رایگەیاند: کە تا ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ درێژکردنەوەی ساڵنامەی خوێندن نەدراوە.
هاوکات گوتی: "خوێندنی ئۆنڵاین زیانێکی گەورە بە پرۆسەی خوێندن دەگەیەنێت و ئێمە لەم بارودۆخەدا لەگەڵ ئەو شێوازە نین."
وەزیری خوێندنی باڵا دووپاتی کردەوە، کە ئامانجی سەرەکییان خوێندنی ناو هۆڵەکانە و خوێندنی ئۆنڵاین تەنیا وەک "دوایین بژاردەی ناچاری" دەبینن کە لە حاڵەتی زۆر پێویستدا بیری لێ دەکرێتەوە.
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و توێژینەوە زانستیی هەرێمی کوردستان، لە بارەی دەستپێکردنەوەی دەوامی ناوەندەکانی خوێندن کۆببوونەوە، دوای کۆبوونەوەکەش لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا ئاماژەیان بەوە دا، کە هەردوولایان بڕیاریان داوە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 29ـی ئاداری 2026، دەوام دەستپێبکاتەوە.
بەڵام وەزارەتی پەروەردە لە راگەیەنراوێکی جیادا، ئاسانکاریی تایبەتی بۆ ئەو قوتابییانە راگەیاند کە دەیانەوێت بە شێوازی ئەلیکترۆنی بەردەوام بن لە خوێندن.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە، هەر بەخێوکارێک نەیەوێت منداڵەکەی لە پۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، بە نەهاتوو بۆی هەژمار ناکرێت، بە مەرجێک بەخێوکارەکە فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە.
بەو پێیەش ئەو قوتابییانە دەتوانن لە رێگەی پلاتفۆرمە ئەلیکترۆنییەکانی وەک (ئی-وانە) و (قوتابخانەکەم) سوود لە وانەکان وەربگرن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەینی 6ـی ئاداری 2026، هەردوو وەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، راگەیەندراوێکی هاوبەشیان بڵاو کردبووە و تێیدا، بە رەچاوکردنی ئەو بارودۆخەی ئێستا، بڕیاریاندابوو لە رۆژی یەکشەممە 8ـی ئاداری 2026ـەوە تاوەکوو رۆژی دووشەممە 23ـی ئاداری 2026، پشووی فەرمی بێت لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن.