ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: هێرش کراوەتە سەر وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کێکی زەرد لە ئێران
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) ئاشکرای کرد، کە حکوومەتی ئێران ئاگاداری کردوونەتەوە لە ئەنجامدانی هێرشێکی نوێ بۆ سەر دامەزراوەیەکی ناوەکیی هەستیار لە پارێزگای یەزد. ئاژانسەکە جەختی کردەوە کە چاودێریی وردی دۆخەکە دەکەن بۆ ڕێگریکردن لە هەر جۆرە کارەساتێکی تیشکدانەوە.
ئەمڕۆ هەینی 27ـی ئاداری 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا بڵاوی کردەوە، دامەزراوەی شەهید ڕەزایی نەژاد بۆ بەرهەمهێنانی کێکی زەرد لە پارێزگای یەزد کە بە دامەزراوەی ئەردەکانیش دەناسرێت، کراوەتە ئامانجی هێرشێکی سەربازی. کێکی زەرد ماددەیەکی سەرەکییە کە لە پڕۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆمدا بەکاردێت.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسەکە، تا ئەم ساتە هیچ ئاماژەیەک بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی تیشکدانەوە لە دەوروبەری دامەزراوەکە تۆمار نەکراوە، بەڵام تیمە تەکنیکییەکانی ئاژانسەکە خەریکی لێکۆڵینەوەی زیاترن لە ڕاپۆرتەکە بۆ دڵنیابوونەوە لە سەلامەتیی ژینگەی ناوچەکە.
ڕافایل گڕۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، جارێکی دیکە هۆشداریی توندی دایە لایەنە شەڕکەرەکان و داوای دانبەخۆداگرتنی سەربازی کرد. گڕۆسی جەختی کردەوە کە پێویستە دەستبەجێ هێرش بۆ سەر ناوەندە ناوەکییەکان ڕابگیرێت تاوەکوو ناوچەکە و جیهان لە مەترسیی هەر جۆرە ڕووداوێکی ئەتۆمیی وێرانکەر بپارێزرێن.
هەروەها هەر ئەمڕۆ هەینی، ئەفیخای ئەدرەعی، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل، ڕایگەیاند، هێزە ئاسمانییەکانیان بە ڕێنمایی وردی دەزگای هەواڵگریی سەربازی، گورزێکی نوێیان لە وێستگەی ئاوی قورسی ئەراک وەشاندووە. ئاوی قورس ماددەیەکی دەگمەنە و بۆ کارپێکردنی ئەو وێستگە ئەتۆمییانە بەکاردێت کە توانای بەرهەمهێنانی پلۆتۆنیۆمی ئاستی سەربازییان هەیە.