قالیباف: ئەمریکا بە هەواڵی ساختە یاری بە نرخی نەوت دەکات

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی رایگەیاند، ئیدارەی ئەمریکا هەواڵی ساختەی زۆر بڵاو کردووەتەوە تاوەکوو نرخی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا دابەزێنێت، بەڵام جەختی کردەوە کە ئەم تەکتیکە سووتاوە و بازاڕەکان چیتر گوێ بەو چەواشەکارییانە نادەن.

هەینی 27ـی ئاداری 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، هێرشی کردە سەر سیاسەتەکانی واشنتن و رایگەیاند، "ئەوان هێندە هەواڵی ساختەیان بڵاو کردەوە بۆ دابەزاندنی نرخی وزە، کە بازاڕ ئێستا تووشی جۆرێک لە سڕبوون بووە؛ بەردەوام بن، چونکە چیتر کەس ئەو هەواڵانەتان لێ ناکڕێتەوە."

قالیباف ئاماژەی بەوە کرد کە سەرەڕای ئەم هەوڵانە، لە کۆتاییدا نرخە راستەقینەکان خۆیان دەسەپێنن. سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بە گومانەوە باسی لە زیرەکیی لایەنی بەرانبەر کرد و گوتی: "بەهێزن؟ رەنگە. بەڵام زیرەکن؟ نەخێر، تەنانەت نزیکیش نین لێی، چونکە کارتی هەواڵی ساختەیان زۆر زوو سووتاند."

ئەم لێدوانانەی قالیباف دوای ئەوە دێن کە لە چەند رۆژی رابردوودا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، چەندین جار باسی لە بەرەوپێشچوونی "زۆر باش" لە گفتوگۆکانی لەگەڵ تاران کردووە، کە بووە هۆی دابەزینی کاتیی نرخی نەوت لە بازاڕەکاندا.