وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵات گەیشتنە پاکستان و پەیوەندی بە ئێرانەوە کرا
لە کاتێکدا رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەردەم جەنگێکی سەرتاسەری و وێرانکەردایە، پاکستان بووە بە چەقی جووڵە دیپلۆماسییەکان و وەزیرانی دەرەوەی سێ وڵاتی کاریگەری ناوچەکە بۆ کۆبوونەوەیەکی بەپەلە گەیشتنە ئەو وڵاتە، هاوکات وەزیری دەرەوەی پاکستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئێران ئەنجامدا.
شەممە 28ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی پاکستان رایگەیاند، وەزیرانی دەرەوەی تورکیا، میسر و عەرەبستانی سعوودی گەیشتوونە پاکستان، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە ئەنجامدانی راوێژی چڕە بۆ دۆزینەوەی رێگەیەک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و رێگری لە پەرەسەندنی زیاتری پێکدادانە سەربازییەکان.
لەمبارەیەوە، ئیسحاق دار وەزیری دەرەوەی پاکستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ عەباس عێراقچی هاوتا ئێرانییەکەی ئەنجامدا، لە پەیوەندییەکدا وەزیری دەرەوەی پاکستان جەختی لەسەر پێویستی دەستبەجێی کەمکردنەوەی گرژییەکان کردووەتەوە و رایگەیاندووە، تەنها لە رێگەی دیالۆگ و دیپلۆماسییەوە دەتوانرێت ئاشتییەکی بەردەوام بەدی بهێنرێت.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە، لە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی بەرفراوانی ئەمریکا و ئیسرائیل کە لە 28ـی شوباتی 2026ـەوە دژی ئێران دەستیپێکردووە، عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران و دەیان سەرکردەی دیکەی ئەو وڵاتە کوژراون، ئەمەش ناوچەکەی خستووەتە لێواری جەنگێکی گشتگیر کە بە هۆیەوە بەشێک لە وڵاتانی کەنداو رووبەڕووی هێرشی مووشەک و درۆنی ئێران بوونەتەوە.
پاکستان هەوڵ دەدات سەرکردایەتی کۆبوونەوەیەکی چوارقۆڵی بکات بۆ ئەوەی بەر لەوەی کۆنترۆڵی دۆخەکە بە تەواوی لەدەست بچێت، چارەسەرێکی دیپلۆماسی بدۆزرێتەوە.
ئەم جووڵە دیپلۆماسییانە وەک دوایین هەوڵەکانی جیهانی ئیسلامی و وڵاتانی ناوچەکە دەبینرێن بۆ پاراستنی سەقامگیری و رێگری لە تێچوونی زیاتری مرۆیی و سەربازی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.