جەنگی ئێران کاریگەری لەسەر بازاڕی مەیدانی ئاژەڵان دروستکردووە

شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران کاریگەری لەسەر بازاڕی ئاژەڵیش دروستکردووە، بەڵام ئەندامێکی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵان دەڵێت: هاوردەکردنی ئاژەڵ لە ئێران بەردەوامە.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، محیەدین بایز خەیلانی، ئەندامی ئەنجوومەنی مەیدانی ئاژەڵانی هەولێر بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: شەڕی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران کاریگەری لەسەر سستبونی بازاڕی مەڕ و ماڵات دروستکردووە، بەڵام هاوردەکردنی مەڕ و ماڵات لە ئێرانەوە تاوەکو ئێستا نەوەستاوە.

محیەدین خەیلانی گوتیشی: نزیکەی مانگێکە هیچ ئاژەڵێک لە سووریا و تورکیا هاوردە ناکرێت، ئەمەش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخەکەی، چونکە لە ناوخۆی ئەو وڵاتانەش نرخی زۆر گران بووە.

هەروەها ئاماژەی بەوە دا، مەڕدارەکان ئەمساڵ دەحەسێنەوە، ئەمەش بەهۆی بارینی بارانێکی زۆر و هەبوونی لەوەڕێکی زۆر بۆ ئاژەڵ و مەڕ و ماڵات، بەتایبەت مەڕە زای نرخەکەی گرانتربووە و بازاڕیشی گەرمە.

نرخی ئاژەڵ لە مەیدانی هەولێر بەمشێوەیە:

بەرخ کیلۆی بە نۆ تاوەکو 10 هەزار دینارە، مەڕ کیلۆی بە حەوت هەزارە، کاوڕ کیلۆی بە نۆ هەزارە، بزن کیلۆی بە شەش هەزار دینارە، گۆلک هەشت تاوەکو نۆ هەزار و 500 دینارە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لەنێوان ساڵانی (2015 - 2025)، ئاستی بەرهەمی سامانی ئاژەڵی لە هەرێمی كوردستاندا بە ڕێژەیەكی بەرچاو زیادیكردووە.

ئەمساڵیش لە تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بارانێکی زۆری باری، ئەمەش جوتیار و ئاژەڵدارانی دڵخۆشکرد، چونکە لە جیاتی کڕینی ئالیک سوود لە لەوەڕگاکان دەبینن بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەکانیان.