وەزارەتی کشتوکاڵ بڕیارێکی نوێ لەسەر تەماتە دەرکرد

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا لە ئەمڕۆوە قەدەغەی هاوردەکردنی تەماتە هەڵبگیرێت.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: دوای بەدواداچوونیان بۆ بەرهەمی تەماتە لەگشت سنووری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان ، دەرکەوت کە ئەو بەرهەمە لەبازاڕەکان زۆر کەمبۆتەوە و نرخی بەرزبۆتەوە.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە داوە، هەر بۆیە پاڵپشت بە یاسای پاراستن و پێشخستنی بەرووبوومی کشتوکاڵی ژمارە 4ـی ساڵی 2008، بڕیاردرا بەهەڵگرتنی قەدەغە لەسەر بەرهەمی تەماتەی هاوردە لەدەرەوەی وڵات لە رۆژی دەرچوونی نوسراوی فەرمی.

هەروەها باس لەوە کراوە، بڕیارەکە لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت و کاری پێدەکرێت.