نیویۆرک تایمز: ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 50 هەزار سەربازی تێپەڕاند

رۆژنامەی نیویۆرک تایمز لە راپۆرتێکدا ئاشکرای کرد، ژمارەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتووەتە سەروو 50 هەزار سەرباز، ئەمەش لە کاتێکدایە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا خەریکی تاوتوێکردنی هەنگاوەکانی داهاتووی ئەو شەڕەیە کە مانگێکە لە دژی ئێران دەستی پێکردووە.

دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی نیویۆرک تایمز، گەیشتنی 2500 سەربازی هێزی مارینز و 2500 دەریاوانی دیکە، ژمارەی هێزەکانی ئەمریکای لە ناوچەکەدا بە نزیکەی 10 هەزار سەرباز لە ئاستی ئاسایی زیاتر کردووە. 

بەرپرسانی ئەمریکی ئاماژە بەوە دەکەن، ترەمپ بیر لە هێرشی گەورەتر دەکاتەوە، وەک دەستبەسەرداگرتنی دوورگەیەک یان ناوچەیەکی وشکانی، بە ئامانجی کردنەوەی گەرووی هورمز کە بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە تا رادەیەکی زۆر داخراوە.

هەفتەی رابردوو پێنتاگۆن فەرمانی بە 2 هەزار سەربازی فیرقەی 82ـی سوپای ئەمریکا کردووە بەرەو ناوچەکە بەڕێ بکەون، هەرچەندە شوێنی جێگیربوونیان رانەگەیەندراوە، بەڵام دەگوترێت لە مەودایەکی نزیک لە ئێران دەبن و رەنگە بۆ دەستبەسەرداگرتنی دوورگەی خارگ بەکاربهێنرێن کە پێشتر لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکاوە زیاتر لە 90 ئامانجی سەربازی تیایدا بۆردومان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە، فڕۆکەهەڵگری "یو ئێس ئێس جێراڵد فۆرد" کە 4500 کارمەندی لەسەر بوو، بەهۆی چەندین کێشەی تەکنیکی و ئاگرکەوتنەوە لە 23ـی ئادار ناوچەکەی جێهێشتووە و ئێستا لە کەناراوەکانی کرواتیایە.

شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن 50 هەزار سەرباز کە زۆربەیان لەناو دەریادان، ژمارەیەکی زۆر کەمە بۆ هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی گەورە لەگەڵ وڵاتێکی وەک ئێران. 

وەک بەراوردکارییەک، ئاماژە بەوە دەکەن، ئیسرائیل بۆ هێرشەکەی سەر غەززە لە ساڵی 2023 زیاتر لە 300 هەزار سەربازی بەکارهێنا، هەروەها هاوپەیمانان بۆ داگیرکردنی عێراق لە ساڵی 2003 نزیکەی 250 هەزار سەربازیان بەکار هێنا.

بەو پێیەی ئێران وڵاتێکی گەورەیە و خاوەنی 93 ملیۆن دانیشتووان و جوگرافیایەکی ئاڵۆزە، شارەزایان پێیان وایە داگیرکردن یان کۆنترۆڵکردنی وڵاتەکە بە 50 هەزار سەرباز کارێکی مەحاڵە.