بەهۆی باران بارینی بەخووڕ دەیان مین لە پارێزگای دهۆک دەرکەوتوون

 بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین هۆشداری دەدات کە بەهۆی لافاوەوە، لە دهۆک شوێنی مینەکان گۆڕاوە و لە هەندێک شوێن لە ژێر خاک دەرکەوتوون، بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەر رووداوێکی نەخوازراویش، تیمەکانی بەهاناوەچوون لە دۆخی ئامادەباشیدان.

تیمەکانی بەهاناوەچوون لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە دهۆک، بە شەو و رۆژ لە ئامادەباشی تەواودان بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو کە ببێتە مەترسی بۆ سەر گیانی هاووڵاتییان. لەگەڵ بارینی بارانی زۆر، کار و بەرپرسیارێتی ئەم تیمانە قورستر دەبێت، تاوەکو بە زووترین کات بگەن بە هەر شوێنێک کە مەترسیی لێبێت.

دلۆڤان شەوکەت، ئەندامی تیمی تەقاندنەوەی مین بە کوردستان24ـی راگەیاند: "تەواوی تیمەکانمان لە بەشەکانی پاککردنەوە، هۆشیارکردنەوە و لەناوبردنی مین و تەقەمەنی لە ئامادەباشیدان. هاووڵاتییان دەتوانن لە رێگەی هێڵی گەرمی 182ـەوە لە هەر کات و رۆژێکدا بێت، تەنانەت لە رۆژانی پشووشدا، پەیوەندیمان پێوە بکەن بۆ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەک کە هەبێت."
ئاماژەی بەوەش کرد: "بارانی زۆر و لافاو بووەتە هۆی ئەوەی شوێنی مینەکان بگۆڕدرێت یان لە ژێر خاک دەربکەون و بەرەو ناوچەی نوێ بگوازرێنەوە؛ بۆیە پێویستە هاووڵاتییان لە کاتی بینینی هەر تەنێکی نامۆ، دەستبەجێ لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگادار بکەنەوە."

رێگر بێسفکی، گوتەبێژی رێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە دهۆک رایگەیاند: "پێویستە ئەو هاووڵاتییانەی بۆ گەشت و سەیران دەچنە دەرەوە، زۆر وریای مین و تەقەمەنییەکان بن، بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە پێشتر گۆڕەپانی شەڕ بوون و مینیان لێ چێندراوە، تاوەکو گیانی خۆیان و خێزانەکانیان پارێزراو بێت."

بەگوێرەی ئامارەکان، لە پارێزگای دهۆک 779 کێڵگەی مینڕێژکراو هەبوون، تاوەکو ئێستا 382 کێڵگەیان بەتەواوی پاککراونەتەوە و رادەستی خاوەنەکانیان کراونەتەوە. بەهۆی ئەو مین و تەقەمەنییانەشەوە، تاوەکو ئێستا 120 کەس لە سنووری پارێزگای دهۆک بوونەتە قوربانی.

هەرچەندە تیمەکانی بەرێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مین لە دهۆک لە ئامادەباشیدان، بەڵام ئەرکی سەرەکی دەکەوێتە سەر شانی هاووڵاتییان کە بۆ پاراستنی گیانی خۆیان و منداڵەکانیان، لە ناوچە گوماناوییەکان دوور بکەونەوە و پابەندی رێنماییەکان بن، تاوەکو بەهاری ئەمساڵیان نەبێتە کارەسات.