لە دوای فلۆرێنتینۆ پێرێز کێ دەبێتە سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید؟
فلۆرێنتینۆ پێرێز ئەو ناوەی زۆربەی وەرزشدۆستانی جیهان ئاشنایەتیان لەگەڵ هەیە، بە تایبەت هاندەرانی یانەی ریاڵ مەدرید، ئەو کەسایەتیە لە ماوەی سەرۆکایەتی کردنی یانە شاهانەکە توانیویەتی چەندان ناسناو بۆ یانەکەی بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەوەی بووەتە جێگەی پرسیار بۆ هاندەرانی ئەو یانەیە، لە دوای چوونی پێرێز کێ دەبێتە سەرۆکی یانەکەیان.
رۆژنامەی وەرزشی مارکا راپۆرتێکی تێروتەسەلی لەسەر ئەو بابەتە بڵاوکردووەتەوە و وەڵامی ئەو پرسیارەی داوەتەوە '' ئایا لە دوای پێرێز کێ دەبێتە سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید؟ ''. سەرۆکی یانە شاهانەکە کار لەسەر ئەوە دەکات یەکێک لە نزیکترین کەسەکانی بکاتە سەرۆکی یانەکە وەکو شوێنگرەوەی خۆی.
مارکا ناوی ئەو کەسەشی ئاشکرا کردووە کە پێرێز کاری بۆ دەکات، ئەویش ئەنەس لێگراری بە رەگەز مەغربی و یەکێک لە سەرمایەدارە بەناوبانگەکانی ئیسپانیایە، ئەو سەرمایەدارە لەدایکبووی ساڵی 1994 و باوکی پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ سەرۆکی ئێستای یانەی ریاڵ مەدرید هەبووە.
فلۆرێنتینۆ پێرێز لە دوای مردنی باوکی ئەنەس وەکو رێزێک کوڕەکەی لە خۆیەوە نزیک کرد و کردی بە راوێژکاری یەکەمی خۆی، بۆیە بڕوایەکی زۆری بەو گەنجە هەیە و کار لەسەر ئەوە دەکات، لە دوای خۆی بیکات بە سەرۆکی یانەکە.
رۆژنامەی مارکا بڵاویشی کردووەتەوە سێ مەرجی سەرەکی هەن بۆ ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، مەرجەکانیش ئەمانەن:
1- بە رەگەز خەڵکی ئیسپانیا بێت.
2- ئەزموونی 20 ساڵ ئەندامبوونی لە یانەکە هەبێت.
3- سەرمایەدارێکی گەورە بێت.
لەو سێ مەرجەی کە بۆ بوون بە سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید هەن، ئەنەس لێگراری تەنها یەک مەرجی تێدایە ئەویش سەرمایەدارە، بۆیە هیوایەکی کەم هەیە کە بتوانێت ئەو پۆستە وەرگرێت، هەرچەندە مارکا زانیویەتی پێرێز ئامادەیە پێش وازهێنانی لە پۆستەکەی، ئەو مەرجانە دەستکاری بکات، بۆ ئەوەی ئەنەس بتوانێت ببێتە سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید.
بێجگە لەو گەنجە بە رەگەز مەغریبیە کەسێکی دیکەش پاڵێوراوە بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەی ریاڵ مەدرید لە دوای چوونی فلۆرێنتینۆ پێرێز، ئەویش رافایل نادال ئەفسانەی تێنسی ئیسپانیایە کە هاندەرێکی سەرسەختی یانە شاهانەکەیە.
نادال دوای وازهێنان لە یاریکردن رایگەیاند کار بۆ ئەوە دەکات خزمەت بە یانە خۆشەویستەکەی بکات، بۆیە هاندەرانی یانە شاهانەکە چاوەڕێ دەکرێت ئەفسانەکەیان بۆ پۆستی سەرۆکایەتی یانەکەیان لە دوای فلۆرێنتینۆ پێرێز پەسەند بکەن.
ئەفسانەکەی ئیسپانیە هەموو ئەو مەرجانەی تێدایە بۆ بوون بە سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، بە رەگەز خەڵکی ئیسپانیایە، زیاتر لە 20 ساڵە ئەندامێکی کارای یانەکەیە و هەروەها سەرمایەدارێکی گەورەشە، بەڵام گەورەترین کێشەی ئەوەیە لە رووی کارگێڕییەوە هیچ ئەزموونێکی نیە.
بەڕێوەچوونی پۆستی سەرۆکایەتی لە یانەی ریاڵ مەدرید سیستمێکی تایبەت و تا ڕادەیەک توندی هەیە، چونکە یانەکە خاوەندارێتییەکەی بۆ هاوبەشەکانی واتە (ئەندامانی یانەکە) دەگەڕێتەوە نەک بازرگان یان کۆمپانیایەکی دیاریکراو.
کێ مافی دەنگدانی هەیە؟
تەنها ئەو کەسانەی کە بە فەرمی وەک هاوبەش یانە ئەندامی یانە ناویان تۆمارکراوە مافی دەنگدانیان هەیە، ئەمانە ساڵانە بڕە پارەیەک دەدەن بە یانەکە و بڕیارە گرنگەکان لە ڕێگەی ئەمانەوە دەدرێت. بۆ ئەوەی کەسێک ببێتە سەرۆک، دەبێت زۆرینەی دەنگی ئەمانە بەدەستبهێنێت.