ئێران داوا لە وڵاتانی کەنداو دەکات رێگە نەدەن خاکەکەیان دژی تاران بەکاربهێنرێت

ئێران داوا لە هەریەکە لە وڵاتانی ئیمارات، سعودیە، قەتەر و کوەیت دەکات پابەندی بنەماکانی دراوسێیەتی باش بن و رێگری بکەن لە بەکارهێنانی خاکەکەیان بۆ هەر جۆرە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی دژی کۆماری ئیسلامی.

دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، ئەمیر سەعید ئیرەوانی، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکدا بۆ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی رایگەیاند: "کۆماری ئیسلامی ئێران ناڕەزایەتی توند و یەکلاکەرەوەی خۆی بەرانبەر بەو کارە نایاساییانە دەردەبڕێت و داوا لە ئیمارات، سعودیە، قەتەر و کوەیت دەکات پابەندی بنەماکانی دراوسێیەتی باش بن و لەمەودوا رێگری بکەن لە بەکارهێنانی خاکەکەیان دژی ئێران".

دوای دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە 28ـی شوباتی رابردوو، ئێران دەستی کردووە بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا.

لای خۆیانەوە، وڵاتانی کەنداو سەرکۆنەی هێرشەکانی ئێرانیان بۆ سەر خاکەکەیان کرد و بە دەستدرێژی ناوی دەبەن، هەروەها جەختیان کردووەتەوە، ئەوان لایەنگیر نین لە ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران.