لە تاران و زەنجان 40 کەس کوژران و برینداربوون

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، لە هێرشە ئاسمانییەکاندا کە یەکەکانی نیشتەجێبوون و حوسێنییەیان کردووەتە ئامانج، لە سێ شاری ئێران نزیکەی 40 کەس کوژراون و برینداربوون.

ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، میدیاکانی ئێران ئاشکرایان کرد، شەوی رابردوو هێرشێکی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر سێ یەکەی نیشتەجێبوون لە ناوچەی مەحەلات لە ناوەڕاستی ئێران، لانیکەم 11 کەس کوژراون و 15 دیکەش برینداربوون.

هەروەها دەسەڵاتدارانی پارێزگای زەنجانی ئێران رایانگەیاندووە، لە هێرشێکی ئەمریکی-ئیسرائیلیدا کە باڵەخانەی ئیداریی حوسێنی 'ئەلئەعزەم'ـی کردە ئامانج، لە بەیانی ئەمڕۆ سێشەممەدا سێ کەس کوژراون و 12 کەسی دیکەش برینداربوون، ئاماژەیان بەوەشداوە، هەر ئەمڕۆ چەند ناوچەیەکی تارانی بۆردومان کراوە.