وەزیری نەوتی ئێران: هیچ کێشەیەکمان لە دابینکردنی سووتەمەنی نییە

موحسین پاکنژاد، وەزیری نەوتی ئێران رایگەیاند، سەرەڕای هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێران تووشی کێشەی کەمیی سووتەمەنی نەبووە

ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، موحسین پاکنژاد لە کەناڵی تێلێگرام رایگەیاندووە، "داشکاندنەکان لە فرۆشتنی نەوتدا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، لە کاتێکدا تێکڕای نرخی فرۆشتنی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە". 

گوتیشی: پێویست ناکات نیگەرانی دابینکردنی سووتەمەنی بین، بەو پێیەی رێکاری پێویست لەم بوارەدا گیراوەتەبەر و هاووڵاتیان دڵنیادەکەینەوە لەوەی هیچ کێشەیەک روونادات.

هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران پێی ناوەتە مانگی دووەمەوە و بەردەوامە، هەروەها ئێرانیش بە مووشەک و درۆن هێرش دەکاتە سەر ئیسرائیل و شوێنەکانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

تاران لە 11ـی ئاداردا رایگەیاندبوو، رێگە بە هیچ بارێکی نەوتی سەر بە ئەمریکا یان هاوپەیمانەکانی نادات بە گەرووی هورمزدا ​​تێپەڕێت، کە نزیکەی یەک لەسەر پێنجی هەناردەی نەوتی جیهان تێیدا تێدەپەڕێت.

لەگەڵ وەستانی کەشتیوانی لە رێگەی گەرووی هورمزەوە، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە.