فیلمێکی کوردی لە فێستیڤاڵی فیلمی گەنجانی عێراق پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی دوو خەڵات
فیلمی "کەشتی کاغەزی من" کە لە نووسین و دەرهێنانی هۆزان شێرزادە، لە فێستیڤاڵی فیلمی گەنجانی عێراق، پاڵێوراوە بۆ بەدەستهێنانی دوو خەڵات.
سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، هۆزان شێرزاد، دەرهێنەری ئەو فیلمە بە کوردستان24ی گوت، " ئەو فیلمە یەکێکە لەو بەرهەمانەی کە بە شێوەیەکی هونەری و سومبولێک باس لە خەون، چاوەڕوانی و گەیشتن بە ئارەزووەکان دەکات. هەروەها ناونیشانی فیلمەکە خۆی لە خۆیدا واتایەکی قووڵ هەڵدەگرێت، فیلمەکە وەکو نیشانەی خەونێکی ناسک و هەستیارە کە هێشتا دەریای خۆی نەدۆزیوەتەوە."
ئەو دەرهێنەرە باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت، "چیڕۆکەکەی باس لە پیاوێک دەکات کە هەر لە منداڵیەوە کە ماڵیان لە کانار ئاوێک بووە، لە رێگەی خۆشەوستی بۆ کچێکەوە خولیایی دروستکردنی کەشتیەکی لا دروست دەبێت و ئەم مرۆڤە دادەبڕێت لە جیهان و لە شوێنێکی دورە دەست هەموو تەمەنی خۆی تەرخان دەکات بۆ دروستکردنی کەشتیەک بە مەبەستی گەشتکردن بەرەو جیهان، لەم ماوەیەشدا رووبەرووی کۆمەڵێک ئاستەنگ و بەربەست دەبێتەوە."
هۆزان شێرزاد ئاماژەی بەوەش دا، "فیلمەکە بەشداری لە چەندین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی کردووە و خەڵاتی بەدەستهێناوە، وەک بەدەستهێنانی خەڵاتی باشترین فیلم لە فێستیڤاڵی سلێمانی، کە ئەمە نیشانەی گرنگی و کاریگەری ئەم بەرهەمە لە ناو جیهانی سینەمادا پێشان دەدات."
دەربارەی پەیامی فیلمەکە، ئەو دەرهێنەرە دەڵێت، "ئەمە تەنیا فیلمێک نییە، بەڵکو پەیامێکە لەسەر بەردەوامبوون لەگەڵ کێشەکاندا و باوەڕهێنان بەوەی کە هەر کەشتییەک تەنانەت ئەگەر کاغەزیش بێت، رۆژێک دەگات بە دەریاکەی خۆی."
شایەنی باسە، فێستیڤاڵی فیلمی گەنجانی عێراق، فێستیڤاڵێکی نێودەوڵەتیە و زیاتر لە 15 وڵاتی جیاواز تێیدا بەشدارن، بڕیارە فێستیڤاڵەکە لە 1ی نیسانی 2026 لە بەغدا بەڕێوەبچێت و ماوەی چوار رۆژ بخایەنێت.