عێراق سەرکۆنەی پەسەندکردنی یاسای لە سێدارەدانی زیندانییانی فەڵەستینی دەکات
ئەمڕۆ سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە توندی سەرکۆنەی پەسەندکردنی یاسای لەسێدارەدانی زایندانییە فەڵەستینییەکانی لەلایەن پەرلەمانی ئیسرائیلەوە کرد.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، "ئەم یاسایە پێشێلکارییەکی زەق و مەترسیداری یاسا نێودەوڵەتییەکان، مافەکانی مرۆڤ و رێککەوتننامەکانی ژنێڤە، وەک هەڵکشانی توندوتیژییەکی مەترسیدار و کارێکی سەرەڕۆیانە هەژمار دەکرێت."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەەکەدا هاتووە، وەزارەتی دەرەوە سەرکۆنەی هێرشەکانی هێزەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر باشووری لوبنان کرد، لە نێویاندا بەزاندنی سنوور بە شێوەی وشکانی، کە بە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و پێشێلکردنی سەروەری لوبنان وەسفی کرد.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێستا، مەترسی بۆ سەر هێزەکانی پاراستنی ئاشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە لوبنان (یونیفێڵ) دروست کردووە، داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد کە بەرپرسیارێتی خۆیان هەڵبگرن بۆ پاراستنی مەدەنییەکان و نێردە نێودەوڵەتییەکان و کار بکەن بۆ پاراستنی ئاشتی و ئاسایشی ناوچەکە.
رۆژی دووشەممە، 30-3-2026، پەرلەمانی ئیسرائیل 'کنێست' لە خوێندنەوەی دووەم و سێیەمی خۆیدا پڕۆژە یاسایەکی بۆ لەسێدارەدانی زیندانیانی فەڵەستینی پەسەند کرد، چاودێران ئەم هەنگاوەیان بە مەترسیدار لە دژی مافەکانی مرۆڤ و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان وەسف کرد.
پەرلەمانی ئیسرائیل 'کنێست' بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە یاساکەی پەسەند کرد، کە لەلایەن فراکسیۆنی ڕاستڕەوی توندڕەوی ئیسرائیل بە سەرۆکایەتی ئیتیمار بن گڤیر وەزیری ئاسایشی نیشتمانی پێشکەش کرابوو، کە 62 ئەندام دەنگی بەڵێ و 47 ئەندام دەنگی نەخێریان دا.
دوای دەنگدانەکە، بن گڤیر لەناو کنێست ئاهەنگی گێڕا، لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا دەرکەوت کە خواردنەوە کحولییەکانی بەسەر ئامادەبوواندا دابەشکرد و پەسەندکردنی یاساکەی بە رووداوێکی مێژوویی وەسفکرد و گوتی، "بەم زووانە، یەک بە یەک لەسێدارە دەدرێن."