جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رەتیدەکاتەوە قالیباف گفتوگۆی لەگەڵ ترەمپ کردبێت
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەڕەشەی تۆڵەسەندنەوەی لە دۆناڵد ترەمپ کرد و رەتی کردەوە هیچ دانوستانێک لەگەڵ بۆ کردنەوەی گەرووی هورمز کرابێت.
عەلی نیکزاد، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی "فارس" رایگەیاند، تاوەکوو تۆڵەی خوێنی رابەری موسڵمانانی جیهان (عەلی خامنەیی) نەکەنەوە واز لە ترەمپ ناهێنن.
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئاماژەی بەوەش دا، "ئەمە مەترسیدارترین پیلان بوو دژی ئێران دایانڕشت، بەڵام بە ئامانجە خراپەکارەکانیان ناگەن".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەلی نیکزاد روونیشی کردەوە، گەرووی هورمز هەرگیز ناکرێتەوە، هەروەها هیچ دانوستانێک نەکراوە و دانوستانیش ناکرێت.
سەبارەت بە دەنگۆی دانوستانەکانی سەرۆکی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ئەوەشی خستە روو، "بانگەشەکانی دوژمن بەوەی سەرۆکی پەرلەمان دانوستان دەکات بێ بنەمان و ئامانجیان تەنیا نانەوەی ئاشووبە".
لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، "بڕیاری شەڕ و ئاشتی و دانوستان لە دەستی رابەری باڵادایە، تاوەکوو ئێستاش هیچ مۆڵەتێک بۆ دانوستان دەرنەچووە."
ئەمە لە کاتێکدایە، لە چەند رۆژی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، چەند جارێک بە رۆژنامەنووسانی راگەیاندووە، لەگەڵ محەممەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە گفتوگۆدان بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی نوێ کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت.