شانۆنامەی "گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە" بڵاوکرایەوە

ئەژین فەهمی، خانمە نووسەر و چیڕۆکنووس، نوێترین کتێبی خۆی کە شانۆنامەیەکە لەژێر ناوی "گوڵەکان هەرگیز ناگەشێنەوە" لە لەلایەن ناوەندی سەردەم چاپکراوە، بڵاوکردەوە

چوارشەمە، 1ی نیسانی 2026، ئەژین فەهمی، خانمە نووسەر و چیڕۆکنووس، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت، "چیڕۆکی کارەکە دەچێتە ناو ژیانی ئەو کەسانەی کە جەنگ، تەنیا ماڵ و شوێنیان نەگرتووە، بەڵکو ناوەڕۆکی ناخ و هیوایانیشی تێکداوە. لەم شانۆنامەیەدا، کارەکتەرەکان وەک وێنەیەکی راستەقینەی مرۆڤی تێکشکاو پێشان دەدرێن، کە پەیوەندییان بە ژیانەوە بەهۆی بارودۆخە دەروونییەکان پچڕاوە. من لە رێگەی هەڵکۆڵینی سایکۆلۆژیانە، گرێ و پرسی قووڵی ناخی مرۆڤ دەکەمە بنەمای دروستکردنی درامایەکی کاریگەر.

ئەژین فەهمی گوتیشی، "لە رووی تەکنیکییەوە، "گوڵەکان هەرگیز نەگەشانەوە"، تەنیا بە چیڕۆکێکی کلاسیکی نەماوە، بەڵکو من هەوڵمداوە بەکاربردنی شێوازی "شانۆی ناو شانۆ"، وەک ئەمرازێکی هونەری، بۆ دروستکردنی لایەنێکی زیاتر لە مانا و رامان. هەروەها  بەشداری پێکردنی چالاکانەی بینەران، ئەزموونێکی نوێی تێگەیشتن و هەستکردن بە نمایشەکە پێشکەش دەکات، کە دەتوانێت سنووری نێوان تەختەی شانۆ و هۆڵی بینین بشکێنێت."

ئەو خانمە نووسەرە باس لە ناوەڕۆکی شانۆنامەکە دەکات و دەڵێت، "لەم بەرهەمەدا، خۆشەویستی و پەیوەندی خێزانی وەک بنەمایەکی سەرەکی باس دەکرێن، بەڵام بە شێوەیەک کە لە ژێر سایەی جەنگ و توندوتیژی، بەردەوام لە تاقیکردنەوە و تێکشکاندن دان. ئەمەش وای کردووە شانۆنامەکە تەنیا  گێڕانەوەی چیرۆک نەبێت، بەڵکو ببێتە ئاوێنەیەک بۆ کۆمەڵگەیەک کە هێشتا لە ژێر کاریگەرییەکانی مێژووی توندوتیژدا دەژی."

ئەژین فەهمی ئاماژەی بەوەش دا، "ئەو شانۆنامەیە دەتوانرێت بە یەکێک لەو هەوڵانە بناسرێت کە شانۆی کوردی بەرەو قووڵبوونەوەی دەروونی و نوێکارییە هونەرییەکان دەبات و بەردەوامی ئەم جۆرە بەرهەمانە دەتوانێت رۆڵێکی گرنگ لە گەشەی شانۆی ناوخۆدا بگێڕێت."

ئەژین فەهمی، خانمە نووسەر و چیڕۆکنووس، لە ساڵی 1991 لە شاری هەولێر لەدایک بووە و ئێستا دانیشتووی سۆرانە. خوێندنی سەرەتایی لە سلێمانی تەواو کردووە، هەروەها دبلۆمی لە شاری سۆران وەرگرتووە. لەبواری نووسینی چیڕۆک و شانۆدا خاوەنی چەندین خەڵاتە. نووسەر خاوەنی دوو کتێبی چاپکراوە کە هەردوو کتێبەکە دەربارەی شانۆیە.