عەباس عێراقچی: تا ئێستا هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئەمریکادا نەکردووە

عەباس عێراقچی رایگەیاند، کارەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا نەگەیشتووەتە ئاستی دانوستانی راستەوخۆ، تاوەکوو ئێستا تەنیا ئاڵوگۆڕی نامەکان هەیە بەشێوەی راستەوخۆ و ناراستەوخۆ، دەشڵێت، توانای شەش مانگ بەرگریکردنمان هەیە.

عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە، 1ـی نیسانی 2026 بڵاوکراوەتەوە، چەندین بابەتی هەستیاری ورورژاند و گوتی: پەیامەکانی لە ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ئەمریکا پێگەیشتووە کە ئەم پەیامانە لە چوارچێوەی حکوومەت و لە ژێر چاودێری ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیدا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.

عەباس عێراقچی ئاماژەی بەوەشکرد، دانوستان، لە ئەدەبیاتی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، پێناسەیەکی دیاریکراوی هەیە،  کاتێک روودەدات کە دوو وڵات رووبەڕوو دابنیشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، بەڵام لە ئێستا ئەمە لە نێوان ئێمە و ئەمریکادا روونادات. ئەوەی دەگوزەرێت، ئاڵوگۆڕی پەیامە لە نێوان ئێمە و ئەوان، یان راستەوخۆ یان لە رێگەی دۆستەکانمانەوە لە ناوچەکە، دەشڵێت، هەرکاتێک پێویست بوو وەڵامی ئەم پەیامانە دەدەینەوە، کە لەوانەیە هۆشداری لایەنی ئێمە یان لایەنی بەرامبەریان تێدا بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ دانوستانێک نەکراوە و هەموو بانگەشەکان دوورن لە راستییەوە.

باسی لەوەشکرد، ئاڵوگۆڕی پەیامەکان لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوەیە، هەروەها ویتکۆڤ وەک جاران پەیامم بۆ دەنێرێت، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە دانوستان هەیە؛ ئەمە ئاڵوگۆڕی پەیامە کە لە ئاشتی و شەڕدا روودەدات.

لەوەڵامی پرسیاری ئەوەی ئایا لایەنێکی دیکە هەیە کە لەگەڵ ئەمریکا سەرقاڵی دانوستان بن، عێراقچی گوتی: نەخێر ئەوە راست نییە، هەموو پەیوەندییەکان لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە یان فەرمانگەکانییەوە ئەنجام دەدرێن، بە شێوەیەکی گشتی دەزگا ئەمنییەکان پەیوەندییان هەیە و لەوانەیە ئەم جۆرە پەیوەندییانە لە رێگەی ئەوانەوە روو بدەن، بەڵام لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا کە لەلایەن حکوومەتەوە رێنمایی دەکرێن، بۆ هەموو ئەم بابەتانە پێکهاتەیەکی یەکگرتووی بەڕێوەبردن هەیە و هەموو شتێک لەلایەن ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانەوە سەرپەرشتی دەکرێت. گوتیشی، تا ئێستا وەڵامێکی رێککەوتنە 15 خاڵییەکەی ئەمریکامان نەداوەتەوە.

عەباس عێراقچی لە وەڵامی پرسیارێکدا گوتی: ئێمە ئامادەین بەلایەنی کەم بۆ ماوەی شەش مانگ بەرگری لە خۆمان بکەین، تا ئەو رادەیەی پێویست بێت بەرگری لە وڵاتەکەمان دەکەین.

وەزیری دەرەوەی ئێران گوتیشی: ئێمە مەرجەکانمان بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە روونە، هەروەها ئاگربەست قبوڵ ناکەین تەنیا بەمەرجی ئەوەی کۆتایی بەجەنگ بهێنرێت لەهەموو ناوچەکە نەک تەنیا ئێران، لەگەل پێدانی گرەنتی بەوەی جارێکی دیکە جەنگ روونەداتەوە، هەروەها پێویستە قەرەبوی زیانەکانی گەلی ئێران بکرێتەوە، بۆیە ئێستا هیچ دانوستانێک لە ئارادانییە.

ئەو راشیگەیاند، گەرووی هورمز لە ناو ئاوەکانی ئێران و عوماندا هەڵکەوتووە، نەک ئاوە نێودەوڵەتییەکان، بۆیە سروشتییە کە بەرژەوەندییەکانی ئەم دوو وڵاتە سەبارەت بە تێپەڕین بەناو گەرووەکەدا لەبەرچاو بگیرێت، ئاماژەی بەوەشدا، ئێستا لە روانگەی ئێمەوە گەرووەکە بەتەواوی کراوەیە، بەڵام تەنیا بەڕووی ئەو کەشتیانەی سەر بە بەرەی جەنگن لەگەڵ ئێمەدا داخراوە. 

عەباس عێراچی گوتیشی: ئەمە لەکاتی شەڕدا ئاساییە، بەو پێیەی ناتوانین ڕێگە بە دوژمنەکانمان بدەین ئاوی ئێمە بەکاربهێنن، سەبارەت بە وڵاتانی دیکەش، هەندێک لە کەشتیەکان خۆیان لە ترانزێت بەدوور دەگرن بەهۆی ترسی ناسەقامگیری ناوچەکە، تێچووی زۆری بیمە، یان هۆکاری دیکە، هەندێکیشیان لەگەڵ ئێمە کەوتوونەتە دانوستاندن و دیالۆگ و ئێمەش رێکخستنمان بۆ زۆرێکیان کردووە.