سلێمانی.. گاز لە رێگەی فۆرمی خۆراکەوە دابەش دەکرێت

قائیمقامیەتی سلێمانی بڕیارێکی نوێی سەبارەت بە دابەشکردنی گازی ماڵان دەرکرد و رایگەیاند، لەمەودوا دابەشکردنی غاز تەنیا بە فۆڕمی رەسەنی خۆراک دەبێت و رێکارێکی نوێ بۆ رێکخستنی سەرەکان دەگیرێتە بەر.

ئەندامێکی لیژنەی باڵا لە لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەمەودوا دابەشکردنی گازی ماڵان بەپێی فۆڕمی خۆراک دەبێت. جەختیشی کردەوە کە پێویستە هاووڵاتییان فۆڕمی رەسەنی (ئەسڵی) خۆراکیان پێبێت و بە هیچ شێوەیەک کۆپی فۆڕمی خۆراک وەرناگیرێت.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، قایمقامیەتی سلێمانی مۆرێکی تایبەتی دروست کردووە کە بەرواری وەرگرتنی گازی لەسەر تۆمار دەکرێت. کاتێک هاووڵاتییەک یەک بتڵ گاز وەردەگرێت، تا یەک مانگی دیکە مافی وەرگرتنی بتڵێکی دیکەی نابێت، ئەمەش بە مەبەستی رێکخستنی سەرە و دادپەروەری لە دابەشکردندا.

هاوکات قایمقامیەتی سلێمانی ئاگادارییەکی ئاراستەی هاووڵاتییان کردووە، کە لە کاتی دابەشکردنی گاز لە گەڕەکەکان یان لەو شوێنانەی بۆ وەرگرتن دیاریکراون، پێویستە کۆبۆنی خۆراکی ساڵانی 2020 بۆ 2021ـی رەسەنیان پێبێت.

هەرچەندە بڕیارەکە چووەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام هێشتا هەندێک وردەکاری ماون کە بڕیاریان لەسەر بدرێت، لەوانە: ئایا دابەشکردنەکە هەر بە گەڕەکەکاندایە یان لە کارگەکان دەبێت؟ هەروەها ئایا بڕی گازەکە بەگوێرەی ژمارەی ئەندامانی خێزان دەگۆڕێت یان نا؟ چاوەڕوان دەکرێت سبەی لایەنە پەیوەندیدارەکان وردەکاریی زیاتر لەو بارەیەوە بڵاو بکەنەوە.