ئەردۆغان: لەبەردەم مەترسی فراوانبوونی جەنگداین و هەوڵ دەدەین وڵاتەکەمان بپارێزین

رەجەب  تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، هۆشداریی دا لە مەترسی تەشەنەسەندنی جەنگ لە ناوچەکەدا و رایگەیاند، وڵاتەکەی هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی لە ئاگری ئەو ململانێیانە دوور بێت.

چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، لە کاتێکدا جەنگی نێوان ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیل پێی ناوەتە دووەم مانگ، رەجەب  تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، لە وتارێکدا لە پەرلەمانی تورکیا گوتی: "ئێمە لەبەردەم مەترسییەکی راستەقینەی درێژبوونەوە و فراوانبوونی جەنگداین".

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە، لە ئێستادا لە پێشینەی کارەکانی حکوومەتەکەی ئەوەیە تورکیا بە کەمترین زیان لەم قۆناغە تێپەڕێت و گوتی: "پێداگیرین لەسەر ئەوەی وڵاتەکەمان لە ئاگری ئەو جەنگەی لە ناوچەکەدا هەڵگیرساوە، بە دوور بگرین".

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش دا، ئەنقەرە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی چڕکردووەتەوە بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری گرژییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گوتیشی: "ئێمە لە پەیوەندی بەردەوامداین لەگەڵ ئێران، ئەمریکا و وڵاتانی تری ناوچەکە بە ئامانجی رێگریکردن لە گۆڕانی ئەم گرژییانە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی گشتگیر".

لە کۆتایی قسەکانیدا، ئەردۆغان گەشبینی خۆی نیشاندا کە هێشتا دەرفەت بۆ بووژانەوەی رێگەی دیپلۆماسی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ ماوە، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە کارەساتێکی گەورەتر بپارێزرێت.