بەڕێوەبەرایەتیی بازرگانی خۆراکی هەولێر: دابەشکردنی سەبەتەی خۆراک بەردەوامی هەیە
بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بەڕێوەبەرایەتییەکەیان ئاگادارییەکی بەپەلەی ئاراستەی بریکارانی خۆراکی ناوشاری هەولێر کردووە، بە مەبەستی دەستپێکردنی رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان بۆ دابەشکردنی سەبەتەی دووەمی خۆراکی ساڵی 2026.
چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، دلێر عەبدولواحید بەڕێوەبەری بازرگانیی کەلوپەلی خۆراک لە هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، بنکەکانی 201 و 202ـی ناوشار ئاگادارکراونەیتەوە بە زووترن کات سەردانی بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی خۆراکی هەولێر بکەن بە مەبەستی جێبەجێ کردنی رێکارە یاساییەکان بۆ دابەشکردنی سەبەتەی دووەمی خۆراکی ساڵی 2026.
لە بارەی مەرجەکانی بۆ وەرگرتنی لیستی خۆراک، دلێر عەبدولواحید گوتی، بەڕێوەبەری بازرگانی خۆراک چەند مەرجێکی گرنگی بۆ بریکاران دیاری کردووە کە ئەمانەن:
پێویستە هەر بریکارێک ڤیزە کارتی بانکی (جنوب ئیسلامی) هەبێت؛ بەبێ ئەو کارتە هیچ مامەڵەیەکی دارایی و وەرگرتنی لیستی بۆ ئەنجام نادرێت.
1- دابەشکردنی سەبەتەی دووەمی ساڵی 2026 لەسەر بنەمای نوێترین لیستی بریکاری (مانگی 3ـی 2026) دەبێت.
2- هەر بریکارێک لە کاتی دیاریکراودا پارە تسلیم نەکات، لیستی بریکاری بە شێوەی (PDF) بۆ رەوانە ناکرێت و پڕۆسەی دابەشکردنی لای ئەو بریکارە رادەوەستێت.
سەبارەت بە کوالیتی و بڕی خۆراکەکە، دلێر عەبدولواحید جەختی کردەوە، هیچ گۆڕانکارییەک لە جۆری کەلوپەلەکان و بڕی ئەو خۆراکەی دابەش دەکرێت نەکراوە و وەک پێشوو بەردەوام دەبێت.
هاوکات لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە بڕینی بەشە خۆراکی فەرمانبەران و ئەو کەسانە دەکەن کە مووچەیان بەرزە، رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا هیچ بڕیارێکی فەرمی بۆ بڕینی بەشە خۆراکی هیچ چین و توێژێک نەچووەتە بواری جێبەجێکردنەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو هاووڵاتییان دەتوانن وەک رابردوو لە رێگەی بریکارەکانیانەوە بەشە خۆراکی مانگانەی خۆیان بەبێ جیاکاری وەربگرن.