ئیمارات گەشتی هاووڵاتیانی ئێرانی بۆ وڵاتەکەی قەدەغە کرد
سێ کۆمپانیای گەورەی فڕۆکەوانی دەوڵەتی ئیمارات رایانگەیاند، چیتر رێگە بە هاووڵاتیانی ئێران نادەن بچنە ناو خاکی وڵاتەکەیانەوە یان لە رێگەی فڕۆکەخانەکانی ئیماراتەوە گەشتی وڵاتانی دیکە بکەن.
چوارشەممە 1ـی نیسانی 2026، هەریەکە لە کۆمپانیاکانی ئیتیحاد، فڵای دوبەی و ئیماراتی تایبەت بە گەشتی ئاسمانی دەوڵەتی ئیمارات، رایانگەیاند، چیتر هاووڵاتیانی ئێرانی رێگەیان پێنادرێت لە رێگەی هێڵە ئاسمانییەکانی ئیماراتەوە گەشت بکەن بۆ وڵاتەکەیان یاخود بە شێوەی ترانزێت هێڵە ئاسمانییەکانی وڵآتەکەیان بەکاربهێنن، ئاماژەیان بەوەش کردووە، ئەم بڕیارە تەنها ئەو دوو هاووڵاتییە ناگرێتەوە کە خاوەنی فیزای زێڕینی ئیماراتن.
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتدارانی ئیمارات هیچ لێدوانێکی فەرمییان لەسەر ئەم بڕیارە نەداوە، بەڵام ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت، پێشتر لە دوبەی هەردوو دامەزراوەی نەخۆشخانەی ئێرانی و یانەی ئێرانی داخران کە دوو ناوەندی دێرین بوون و مێژووەکەیان بۆ سەردەمی پێش شۆڕشی ئێران دەگەڕایەوە.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدایە، شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران بۆ دووەم مانگی لەسەریەک بەردەوامە و ناوچەکە لەژێر کاریگەریی هێرشە موشەکی درۆنیدایە، هاوکات ئێران وەکو وەڵامێک بۆ ئیسرائیل و ئەمریکا، بەردوامە بە بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی هەردوو وڵات لە ناو خاکی وڵاتانی کەنداو، ئیمارات یەکێکە لەو وڵاتانەی لە سەرتای جەنگەکەوە لە لایەن ئێرانەوە هێرشی کراوەتە سەر و بە هۆیەوە دەیان کەس گیانیان لە دەستداوە و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.