بومەلەرزەیەکی بەهێز رۆژهەڵاتی ئەندەنووسیای هەژاند و کەسێک گیانی لەدەستدا

بومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 7.4 پلە بەپێی پێوەری رێختەر، رۆژهەڵاتی وڵاتی ئەندەنووسیای هەژاند، بەهۆی بەهێزیی بومەلەرزەکەوە، هۆشداریی دروستبوونی شەپۆلی تسۆنامی لە ناوچەکە درا و لانی کەم کەسێکیش گیانی لەدەستدا.

پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، دەستەی رووپێوی جیۆلۆجی ئەمریکا (USGS) رایگەیاند، بومەلەرزەکە لە کاتژمێر 06:48ـی بەیانی بەکاتی ناوخۆ لە دەریای مۆلۆکا روویداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرەتا گوڕی بومەلەرزەکە بە 7.8 پلە خەمڵێنرابوو، بەڵام دواتر بۆ 7.4 پلە کەمکرایەوە.

سەنتەری هۆشداری تسۆنامی لە زەریای هێمن، هۆشدارییەکی بەپەلەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، ئەگەری دروستبوونی شەپۆلی مەترسیدار لە مەودای هەزار کیلۆمەتر لە چەقی بومەلەرزەکەوە هەیە، هاوکات کەناراوەکانی ئەندەنووسیا، فلیپین و مالیزیا دەگرێتەوە. 

دوای نیو کاتژمێر لە بوومەلەرزەکە، شەپۆلێکی ئاو بە بەرزی 75 سانتیمەتر لە باکووری میناهاسا و شەپۆلێکی دیکە بە بەرزی 30 سانتیمەتر لە مالۆکۆ تۆمارکران، هەروەها دوای دوو کاتژمێر لە چاودێری ورد، سەنتەری هۆشداری رایگەیاند، مەترسی تسۆنامی نەماوە و هۆشدارییەکەی هەڵگرت.

سەبارەت بە زیانە گیانییەکان، بەرپرسانی ناوخۆیی رایانگەیاند، لە شاری مانادۆ لە باکووری سولاویزی، کەسێک بەهۆی رووخانی باڵەخانەیەکەوە گیانی لەدەستداوە، لەمبارەیەوە دانیشتوانی ناوچەکە باس لەوە دەکەن بومەلەرزەکە زۆر بەهێز بووە و بۆ ماوەی زیاتر لە خولەکێک بەردەوام بووە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی ترس و دڵەڕاوکێیەکی زۆر و خەڵکی بە پەلە ماڵەکانیان جێهێشتووە و رژاونەتە سەر شەقامەکان.

بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی ئەندەنووسیا رایگەیاند، تاوەکوو ئێستا 11 پاشلەرزە تۆمارکراون، کە بەهێزترینیان 5.5 پلە بووە، هاوکات وڵاتانی تری وەک ژاپۆن، تایوان، پالاو و فلیپین چاودێری ئاستی دەریا دەکەن، هەرچەندە پێشبینی دەکرێت تەنها گۆڕانکارییەکی کەم لە ئاستی ئاودا رووبدات و مەترسییەکی گەورە لەسەر ئەو وڵاتانە نییە.