سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا: نرخی سووتەمەنی گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا رایگەیاند، بەهۆی جەنگی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە وڵاتەکەی رووبەڕووی گەورەترین بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی بووەتەوە لە مێژوودا، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتەکەی بڕی یەک ملیار دۆلاری بۆ پاڵپشتی کۆمپانیاکانی پیشەسازی و سووتەمەنی تەرخان کردووە.
ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە چوارچێوەی "بەرنامەی خۆڕاگریی ئابووری"دا، بڕی یەک ملیار دۆلاری ئوسترالی وەک قەرزی بێ سوود بۆ ئەو کۆمپانیا پیشەسازی و سووتەمەنییانە تەرخان کرد کە بەهۆی شەڕەکەوە تووشی زیانی دارایی بوونەتەوە. ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، ئەمە کاتێکی سەخت و تاقیکردنەوەیە بۆ نەتەوەکەی، چونکە نرخی بەنزین و گازوایل بە شێوەیەکی بێپێشینە بەرز بووەتەوە.
هەڵوێستی ئوسترالیا لەسەر ئێران
سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا روونیکردەوە کە وڵاتەکەی بەشدارێکی چالاک نییە لە جەنگی دژی ئێراندا، بەڵام جەختی لەوە کردەوە کە پاڵپشتی لە لاوازکردنی تواناکانی تاران دەکەن بۆ ئەوەی نەبێتە مەترسی بۆ سەر دراوسێکانی و دەستی بە چەکی ئەتۆمی نەگات.
ئەلبانیزی گوتیشی: "ئێستا هێزی ئاسمانی، دەریایی و ژێرخانی پیشەسازیی سەربازیی ئێران لاواز بووە، هەروەها توانای هاویشتنی مووشەکیشی کەمبووەتەوە، ئەمەش کارێکی باشە."
داهاتوویەکی نادیار
سەبارەت بە کۆتاییهاتنی گرژییەکان، ئەنتۆنی ئەلبانیزی ئاماژەی بەوە کرد، ئێستا ئامانجە سەرەتاییەکان بەدی هاتوون، روون نییە خاڵی کۆتایی جەنگەکە چۆن دەبێت. هۆشداریشی دا کە هەرچەندە ئەم جەنگە درێژە بکێشێت، کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر ئابووریی جیهان گەورەتر و مەترسیدارتر دەبن.