شیرین حەقی: ستایلی ئۆپێرا لەگەڵ گۆرانی کوردی تێکەڵ دەکەم

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، شیرین حەقی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، لەم چاوپێکەوتنە تایبەتەیدا، تیشک دەخاتە سەر کارە هونەرییەکانی و باس لە نوێترین پڕۆژەی هونەری خۆی دەکات.

شیرین حەقی دەڵێت، "من پێم وایە کورد بە شێوەیەکی مێژوویی دەوڵەمەندە بە فۆلکلۆر و گۆرانی، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا کەمتر کار لەسەر بنەما رەسەنەکان دەکرێت.

شیرین حەقی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، دەربارەی کارە هونەرییەکانی خۆی بە کوردستان24ی گوت: "لە ساڵی 2005ەوە تا ئێستا بەردەوام بوومە لە کارکردن لە بواری هونەردا، بە تایبەتی وەکو راهێنەری دەنگ و گۆرانیبێژێکی ستایلی ئۆپێرا. هەروەها کارە هونەرییەکانم  زیاتر خاسیەتی ئەکادیمی هەیە و گرنگی زۆرم بە دەنگ و راهێنان داوە، بۆیە زۆربەی کاتەکان خۆم وەکو گۆرانیبێژی تایبەتی ناساندووە، نەک وەک خاوەنی بەرهەمی گۆرانییەکی دیاریکراو. لەگەڵ ئەوەشدا، بەشێکی گرنگی کارەکانم  پەیوەندیدارە بە تۆمارکردنی دەنگ بۆ گۆرانییە جیاوازەکان و هاوکاری لەگەڵ هونەرمەندانی دیکە. هەروەها من تەنیا لە بواری گۆرانی کار ناکەم، بەڵکو لە سینەما و شانۆشدا بەشدار بوومە. لە چەندین فیلمی کوردی دا وەک دەنگ بەشدار بوومە، هەروەها لە شانۆکاندا بە شێوەی راستەوخۆ دەنگی خۆم  بەکارهێناوە. من باوەڕم وایە ئەم جۆرە کارانە دەبنە هۆی گەشەپێدانی زیاتر بۆ هونەرمەند و پەیوەندی نزیکتر لەگەڵ جەماوەر.

شیرین حەقی گوتیشی: "لە ماوەی کارە هونەرییەکانیم دا، بەشداری زۆرێک لە ئاهەنگ و فێستیڤاڵم کردووە، بە تایبەتی لە ناوچەی بادینان و هەروەها لە چالاکییە نێودەوڵەتییەکاندا. هەندێکجار وەکو ئەندامی لێژنەی میوزیکیش بەشدار بوومە، کە ئەمەش نیشانەی باوەڕپێکراوی و ئەزموونی ئەکادیمییەتییەکەمە.

ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە ستایلی هونەری و تێکەڵکردنی ئۆپێرا و گۆرانی کوردی دەکات و دەڵێت: "تایبەتمەندی سەرەکیی من بریتییە لە تێکەڵکردنی ستایلی ئۆپێرا لەگەڵ گۆرانی کوردی، ئەم ستایلە بنەمایەکی جیهانی هەیە و سەرچاوەی لە ئەورووپا، بە تایبەتی ئیتاڵیا، گرتووە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەم ئەو ستایلە بە رۆحی کوردی بگۆڕێت و پێناسەیەکی نوێی خۆی بدات. هەروەها ستایلی من هەوڵێکە بۆ ئەوەی دەنگی ئۆپێرا بێنمە ناو گۆرانی کوردی، بە شێوەیەک کە جیاواز بێت و هەستێکی تایبەتی بدات بە گوێگر."

دەربارەی کێشەکانی میوزیکی کوردی، شیرین حەقی گوتی: "لەسەر دۆخی میوزیکی کوردی، من پێم وایە کە کورد بە شێوەیەکی مێژوویی دەوڵەمەندە بە فۆلکلۆر و گۆرانی، بەڵام لە سەردەمی ئێستادا کەمتر کار لەسەر بنەما رەسەنەکان دەکرێت. هەندێک گۆرانیبێژ و بەرهەمهێنەر بەرەو بەکارهێنانی ئاوازی بیانی دەچن، کە ئەمەش کاریگەری لەسەر ناسنامەی میوزیکی کوردی دەکات. هەروەها هەندێک ریتم زۆر قورسن و پێویستیان بە شارەزاییەکی بەرز هەیە، بە تایبەتی ریتمی عێراقی کە خێرا و پڕ لە گۆڕانکارییە، ئەمەش دەبێتە تاقیکردنەوەیەکی گەورە بۆ توانای ئەو گۆرانیبێژەی کە بەو شێوازە گۆرانی دەڵێت."

ئەو خانمە هونەرمەندە ئاماژەی بەوەش دا، "کاتێک بڕیار دەدەم گۆرانییەک تۆمار بکەت، هەردوو لایەنی تێکست و ئاواز بە گرنگ دەزانم، چونکە بە بێ یەکێک لەوانە گۆرانییەک ناتوانێت تەواو و کاریگەر بێت.

لەکۆتایی قسەکانیدا، شیرین حەقی، باس لە پڕۆژەی نوێی هونەری خۆی دەکات و دەڵێت، " دەمەوێت گۆرانییەکی چیرۆکی ستانی تۆمار بکەم، کە گۆرانییەکە تایبەتە بۆ ژنانی کوردی خۆڕاگر. ئەم کارەش بە هەمان ستایلی تایبەتی خۆم، واتە تێکەڵکردنی ئۆپێرا و گۆرانی کوردی، پێشان دەدرێت.

شیرین حەقی، خانمە هونەرمەندی گۆرانیبێژ، خەڵکی ئامێدییە و دانیشتووی شاری دهۆکە. زۆربەی کارە هونەرییەکانی بە ستایلی ئۆپێرایە و خاوەنی چەند بەرهەمێکی تۆمارکراوی گۆرانییە.