شانۆگەرییەکی کوردی بەشداری 11یەمین فێستیڤاڵی نێوەدەڵەتی شانۆی ئامەد دەکات
شانۆگەری "شەوێکی لەبیر نەکراو"، کە لە دەرهێنانی خەڵات نەوزادە، بەشداری 11یەمین فێستیڤاڵی شانۆی ئامەد دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، خەڵات نەوزاد، دەرهێنەری ئەو شانۆگەرییە، دەربارەی بەشداریکردنیان لە فێستیڤاڵەکە بە کوردستان24ی گوت: "دوای ئەوەی شانۆگەری "شەوێکی لەبیر نەکراو" لە فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز، لەلایەن لێژنەی دادوەری فێستیڤاڵ هەڵبژێردرا بۆ بەشداریکردن لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فەجر لە تاران، هەروەها بۆ ماوەی 20 رۆژ لە شاری هەڵەبجەی شەهید نمایش کرا، لە ئێستادا وەک تاکە نوێنەری کورد، بەشداری لە 11یەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد دەکات.
خەڵات نەوزاد گوتیشی: "رووداوەکانی ناو ئەم نمایشە شانۆییە پەیوەست کراونەتەوە بە زنجیرەیەک رووداو گەلێک کە لە چەند دەیەیەکی رابردوو روویانداوە، گەر لە گۆشە نیگایەکەوە بڕوانین بۆ رووداوەکانی ناو ئەم نمایشە شانۆییە دەبینین نمایشەکە لە رێگەی چاوی ژنێکی شۆڕشگێڕەوە بەدواداچوون دەکات بۆ ململانێی دادپەروەری تۆڵەسەندنەوە و بێدەنگی و یادەوەری.
دەرهێنەری شانۆگەرییەکە باس لە ناوەڕۆکی نمایشەکە دەکات و دەڵێت: "ئەو نمایشە باس لە ژیان و یادگەی ژنە شۆڕش گێڕێک دەکات کە چۆن بوێرانە رووبەڕووی سەرکوتکاری دەبێتەوە، وە باس لە سەروەختەکانی ژیان و مەرگ دەکات لە ناو زیندانە تاریکەکاندا، و چۆن بەر زەبری جەستەیی و دەروونی هەتا دەست درێژیش دەبێتەوە، ئەم تووندووتیژییە بەردەوامی دەبێت و دوای ئازادبوونی هەمیشە وێڵە بەدوای بکەران و ئەنجامدەرانی ئەو تاوانەوە کەبەرامبەری کراوە.
خەڵات نەوزاد ئاماژەی بەوەش دا، "شانۆگەری "شەوێکی لەبیرنەکراو"، تێڕامانێکە لەسەر ئەوەی کە دوای دیکتاتۆریەت دێت، ئەم توندوتیژییە درێژخایەنەی کە دەچێتە ناو یادەوەرییەوە و ئەو پرسیارە بێکۆتایەی کە چۆن کۆمەڵگەیەکی بریندار دەتوانێت دادپەروەری بنیات بنێتەوە، نەک وەک تۆڵەسەندنەوە، بەڵکو وەک لەدایکبوونەوەی ئەخلاقی خودی مرۆڤایەتی.
شایەنی باسە، شانۆگەری "شەوێکی لەبیر نەکراو" لە نووسینی ئێڕیەڵ دۆرفمەنە و لە وەرگێڕانی فاڕووق هۆمەرە و خەڵات نەوزاد کاری دەرهێنانی بۆ کردووە و چەند ئەکتەرێکی دیاری شاری هەڵەبجە رۆڵی تێدا دەگێڕن، ئەو شانۆگەرییە کوردییە بەشداری لە 11دەمین فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی ئامەد دەکات کە بریارە 20ی نیسانی 2026 بەڕێوەبچێت و ماوەی 14 رۆژ بەردەوام بێت.