حوریەت: تورکیا سەرکردایەتی و هەماهەنگی هێزەکانی ناتۆ دەکات لە کاتی قەیراندا

رۆژنامەی "حوریەت"ی تورکی لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە بڵاویکردەوە، لە ئەگەری سەرهەڵدانی هەر قەیرانێکدا، ئەگەری زۆرە تورکیا ئەرکی هەماهەنگی هێزە وشکانییەکانی هاوپەیمانی ناتۆ و سەرکردایەتیکردنی ئەو یەکانە بگرێتە ئەستۆ کە دێنە ناو خاکی تورکیاوە.

پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، هاندە فرات، نووسەری دیار و نزیک لە ناوەندەکانی بڕیار لە حکوومەتی تورکیا، لەبارەی دامەزراندنی بارەگای فەرماندەیی سوپایەکی فرەنەتەوەیی لەناو خاکی تورکیادا رایگەیاند: "ئەرکی تورکیا تەنیا میوانداریکردنی هێزەکان نابێت، بەڵکو لە کاتی هەر قەیرانێکدا، ئەنقەرە هەماهەنگی ئۆپەراسیۆنە وشکانییەکانی ناتۆ دەکات و سەرکردایەتی ئەو هێزانە دەکات کە دەگەنە وڵاتەکە."

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێستا گفتوگۆ لەسەر پێکهێنانی گروپێکی ئەرکی هاوبەش لە دەریای رەشدا دەکرێت کە بەرپرس دەبێت لە ئۆپەراسیۆنە دەریاییەکانی ناوچەکە. 

جەختیشی کردەوە، تورکیا رۆڵێکی سەرەکی لەم میکانیزمەدا دەبێت و تاوەکوو ساڵی 2028 ئەرکی فەرماندەیی و میوانداریکردنی ئەم پێکهاتەیەی لەلا دەبێت.

ئەم نووسەرە تورکە باسی لەوەش کردووە، وڵاتەکەی دەستبەرداری کۆنترۆڵی خۆی بەسەر دەریای رەشدا نابێت و رێگە نادات ئەم دەریایە ببێتە دەریاچەیەکی سەر بە ناتۆ، بەڵکو پلانەکانی ناتۆ لە ناوچەکەدا تەنیا لە رێگەی تورکیاوە جێبەجێ دەکرێن.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی حوریەت، بەم هەنگاوانە تورکیا دەبێتە ناوەندێکی سەرەکی بۆ فەرماندەیی ناتۆ لەسەر هەردوو باڵی باشوور و رۆژهەڵاتی هاوپەیمانییەکە.