سلێمانی.. کارگەی شانۆ کۆمەڵێک پڕۆژەی هونەری گرنگی راگەیاند
کارگەی شانۆ، کۆمەڵێک پڕۆژەی هونەری لەژێر ناوی "سازگەی گفتوگۆی شانۆ"، کە پڕۆژەکان دەربارەی شانۆی هاوچەرخە لە سلێمانی راگەیاند.
پێنجشەممە، 2ی نیسانی 2026، رووبار خالید، خانمە ئەکتەر و ئەندامی کارگەی شانۆ بە کوردستان24ی گوت، "کارگەی شانۆ دوای خۆراگەیاندنی خۆی، دەستی بە زنجیرە چالاکییەکی نوێ کردووە لەژێر ناوی "سازگەی گفتوگۆی شانۆ"، کە چالاکییەکە ئامانجی سەرەکی بریتییە لە کۆمەڵێک پڕۆژەی نوێی هونەری لەبواری شانۆدا و دروستکردنی بوارێکی کراوە بۆ گۆڕینی بیر و ئەزموون لە نێوان شانۆکاران دا."
رووبار خالید گوتیشی، "لە یەکەمین خولی ئەم زنجیرە گفتوگۆیانەدا، باس لە بابەتی "دەرهێنان لە شانۆی هاوچەرخ دا" کرا، کە تێیدا گرنگی رۆڵی دەرهێنەر و شێوازی کارکردن لەسەر دەق و شانۆی نوێ بە شێوەیەکی ورد تاوتوێ کرا. ئەم گفتوگۆیە بوو بە هەلی پێکەوە هاتنی دەرهێنەران و شانۆکاران بۆ هاوبەشکردنی بۆچوون و ئەزموونەکانیان."
ئەو خانمە هونەرمەندە باس لە رێکخەرانی دروستبوونی کارگەی شانۆ دەکات و دەڵێت، "ئێمە وەکو رێکخەرانی کارگەی شانۆ بانگهێشتی دەرهێنەرانی شانۆمان کردووە بۆ بەشداری کردن لەم گفتوگۆیە، ئەم چالاکییەش بەردەوام دەبێت و لە داهاتوودا چەندین گفتوگۆی دیکە بە بابەتە جیاوازەکان بۆ هەموو شانۆکاران رێکدەخرێت، بە هیوای ئەوەی ئەم چالاکییە ببێتە بنچینەیەک بۆ پەرەپێدانی شانۆی هاوچەرخ."
لەکۆتایی قسەکانیدا، رووبار خالید، باس لە ئامانجی سەرەکی درووستبوونی کارگەی شانۆ دەکات و گوتی، "کارگەی شانۆ ئامانجی ئەوە نییە تەنیا وەک رووجوانکردنێکی کولتووری بوونی هەبێت، بەڵکو وەک هونەرێکی زیندوو و ئاوێتە لەگەڵ چرکەساتی ئێستا تێکەڵ بە ژیانی خەڵک دەبێت، ئەوەی ئێمە بەدوایدا دەگەڕێین تەنیا بینایەک نییە، بەڵکو پانتاییەکە بۆ بەردەوامی، پێویستە شانۆ جارێکی دیکە ببێتەوە بە بەشێک لە شوناسی شار، ئێمە نەهاتووین بپرسین ئایا سلێمانی پێویستی بە شانۆ هەیە؟ بەڵکو راشکاوانە دەڵێین؛ شانۆ پێویستی بە ماڵێکە لە سلێمانی، ئێمەیش لە پێناو ئەو ماڵەدا دەجەنگین."
شایەنی باسە، کارگەی شانۆ، لەلایەن کۆمەڵێک ئەکتەر و دەرهێنەری شاری سلێمانی، بەهۆی ئەو بێدەنگییەی رەوتی شانۆی لە کوردستان بەگشتی و لە سلێمانی بەتایبەتی گرتۆتەوە، بۆیە بڕیاری دامەزراندنی کارگەی شانۆیان دا و بۆ لەمەودوا کارو چالاکییە هونەرییەکانیان لەو رێگەیەوە دەخەنەڕوو.