ئومێد خۆشناو: تیرۆریست و میلیشیا چەکدارەکان خەڵکی سڤیل دەکەنە ئامانج

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، رایگەیاند کە لە دوای هەڵکشانی گرژییەکانی ناوچەکە، سنووری پارێزگای هەولێر رووبەڕووی زیاتر لە 500 هێرشی درۆنی بووەتەوە، داواشی لە حکوومەتی عێراق کرد هەڵوێستێکی توندی هەبێت و قەرەبووی زیانلێکەوتووان لە بودجەی فریاگوزاریدا جێگیر بکات.

پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، هەرێمی کوردستان و بەتایبەت شاری هەولێر وەک پایتەخت، رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی بەردەوام بوونەتەوە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 500 هێرشی ناڕەوا لە رێگەی درۆن و مووشەکەوە کراوەتە سەر سنووری پارێزگاکە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گروپە "تیرۆریست و میلیشیا چەکدارانەی" لە دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمن، نەک تەنها خەڵکی سڤیل و بێتاوان، بەڵکو ژێرخانی ئابووری هەرێمی کوردستانیشیان کردووەتە ئامانج، لەوانەش کێڵگەی گازی کۆرمۆر و پاڵاوگەکان.

 ئومێد خۆشناو نیگەرانی خۆی دەربڕی بەرانبەر بێدەنگی و بێهەڵوێستی حکوومەتی فیدراڵی لە بەغدا و رایگەیاند: "ئەم هێرشانە بە بەیاننامە و ئیدانەکردن کۆتاییان نایەت، پێویستە حکوومەتی عێراق بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبگرێت و رێگریی بکات لەو پێشێلکارییانە کە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئەوانەوە دەکرێن".

لە بارە کێسە دارییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق،  پارێزگاری هەولێر گوتی،" عێراق لە ساڵی 2014ـوە بودجەی بەکارخستن و شایستە داراییەکانی هەرێمی نەناردووە، کە مانگانە بڕەکەی بە زیاتر لە 300 ملیار دینار دەخەمڵێندرێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش حکوومەتی هەرێم لە خزمەتگوزاری و پڕۆژەکان بەردەوامە.

لە کۆتاییدا پارێزگاری هەولێر، دەستخۆشی لە خۆڕاگری خەڵکی کوردستان و هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێم کرد بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیری پایتەخت لە بەرانبەر ئەو هەڕەشانەدا.