رووسیا لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان دابین دەکات

حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانی رووسیا رێککەوتن لەسەر دابینکردنی پێداویستییە سەرەکییەکان بۆ هەرێمی کوردستان لەرێگەی دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە. ئەم هەنگاوەش بۆ رێگریکردنە لە دروستبوونی قەیرانی خۆراک و کەلوپەل، دوای داخستنی گەرووی هورمز بەهۆی گرژییەکانی ناوچەکە.

بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە لایەن نوێنەرایەتیی هەرێم لە رووسیاوە نێردراوە و وێنەیەکی گەیشتووەتە ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، دوای کۆبوونەوەی نێوان نوێنەرایەتیی حکوومەت و ئەنجوومەنی بازرگانی رووسیا، بڕیاردراوە رێکاری پێویست بگیرێتەبەر بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان.

ئەم بڕیارە دوای ئەوە دێت کە بەهۆی سەرهەڵدانی گرژییەکانی ناوچەکە و داخستنی گەرووی هورمز، رێگەی ئاسایی گەیشتنی کەلوپەلەکان لە رووسیاوە بۆ عێراق و هەرێم پەکیکەوتووە. بۆیە رووسیا ئامادەیی خۆی نیشانداوە کە لە رێگەی وشکانی و دەروازەی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیلەوە کەلوپەلەکان رەوانە بکات.

ئەو پێداویستییانەی بڕیارە بەپەلە رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێن، بریتین لە (خۆراکە دانەوێڵەییەکان، کەلوپەلی بیناسازی و دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان). ئەم هەنگاوە وەک رێکارێکی ستراتیژی دەبینرێت بۆ پاراستنی ئاسایشی خۆراک و رێگریگرتن لە گرانبوونی کاڵاکان لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستاندا.