وەزارەتی بەرگری ئیمارات: تێکشکاندنی 19 موشەک و 26 درۆنی ئێرانی راگەیاند
وەزارەتی بەرگری دەوڵەتی ئیمارات، رایگەیاند، هێزە بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەی توانیویانە بەرپەرچی 19 موشەکی بالیستی و 26 درۆن بدەنەوە کە لە ئێرانەوە ئاراستە کرابوون.
پێنجشەممە 2ـی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگری ئیمارات نوێترین ئاماری لە بارەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتەکی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکانی ئێرانەوە،457 موشەکی بالیستی، 19 موشەکی کرووز و 2038 درۆنیان بەرپەرچداوەتەوە.
لە بارەی زیانە گیانی و ماددییەکانەوە وەزارەتی بەرگری ئیمارات رایگەیاندووە، بە هۆی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵآتەکەیان، 2 ئەندامی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکدا کوژراون، هەروەها هاوڵاتییەکی مەغریبی کە وەک گرێبەست لەگەڵ سوپا کاری کردووە گیانی لە دەستداوە، هاوکات 9 هاوڵاتی مەدەنی لە نەتەوەکانی پاکستان، نیپاڵ، بەنگلادیش، فەڵەستین و هیندستان گیانیان لەدەستداوە و 191 کەسیش بە برینی جیاواز کە هاوڵاتی 29 وڵاتی جیاوازن لەوانەش ئیمارات، عێراق، میسر، لوبنان، تورکیا، فەڵەستین و چەندین وڵاتی دیکە برینداربوون.
وەزارەتی بەرگری ئیمارات لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا جەختی کردەوە، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەباشیدان بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر هەڕەشەیەک کە ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری وڵاتەکەیان بکاتە ئامانج و بە توندی رووبەڕووی هەر هەوڵێک دەبنەوە کە بیەوێت دەستکەوتە نیشتمانییەکانیان بەرەو هەرەس ببات.