عێراق 34 ترلیۆن دیناری هەرێمی کوردستان قەرزدارە
زیاتر لە 34 ترلیۆن دیناری شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لای حکوومەتی عێراقە و نەیناردووە، بەغدا تەنیا 41.6%ـی کۆی ئەو پشکەی خەرج کردووە کە لە یاسای بودجەی سێ ساڵەدا (2023-2025) بۆ هەرێمی کوردستان جێگیر کرابوو.
ئەگەر سەیری کۆی بودجەی سێ ساڵەی عێراق بکەین کە بڕەکەی 622.63 ترلیۆن دینارە، دەبێت پشکی هەرێمی کوردستان 58.36 ترلیۆن دینار بێت، بەڵام تەنیا 24.32 ترلیۆن دیناری دابین کراوە.
لە کۆی 12.5 ترلیۆن دیناری پشکی هەرێمی کوردستان بۆ وەبەرهێنان، بەغدا هیچ بڕە پارەیەکی خەرج نەکردووە و تەنانەت مووچەی شەش مانگی فەرمانبەرانیشی لای خۆی هێشتووەتەوە.
ئەم سیاسەتە داراییە دەری دەخات؛ حکوومەتی فیدراڵ نەک هەر ستەمی لە خەڵکی کوردستان کردووە، بەڵکو بەهۆی ناڕوونی لە چارەنووسی ئەو پارە زەبەلاحانە و شێوازی خەرجکردنیان، لە مافی تەواوی خەڵکی عێراقیشی کەم کردووەتەوە.