سێزدەبەدەر لە ژێر سێبەری جەنگدا؛ ئێران ملیاران دۆلار زیانی پێدەگات

ئەمڕۆ پێنجشەممە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان رۆژی سێزدەبەدەرە، لەو رۆژەدا تەواوی خەڵک لە ماڵەکانیان دەچنە دەرەوە و چێژ لە جوانییەکانی سروشت وەردەگرن.

وەک چۆن لە هەرێمی کوردستان لە 21ـی ئادار خەڵک روو لە دەشت و سەیران دەکەن لە ئێران خەڵک لە 13ـەمین رۆژی نەورۆز روو لە سەیرانەکان دەکەن کە بە دواین رێوڕەسمی نەورۆز دادەنرێت.

ئەگەرچی لە ئێران سێزدەبەدەرە بەڵام جەنگ و کاریگەرییەکانی جەنگ باڵی بەسەر هەموو شتێکدا کێشاوە.

لە ئێران  و رۆژهەڵاتی کوردستان 13 رۆژی سەرەتای نەورۆز بە گرنگترین رۆژەکانی گەشتکردن دادەنرێن، شارەکان قەرەباڵغ دەبن، هوتێلەکان پڕ دەبن لە میوان، گەشتە نەورۆزییەکان بازاڕەکان دەبووژێننەوە و هەلی کار دروست دەبێت بەڵام ئەمساڵ دۆخەکە پێچەوانەیە.

داخرانی زۆربەی شوێنە گەشتیارییەکان، داخرانی زۆربەی دەروازەکان بە رووی گەشتیاران، وەستانی سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان و گرانبوونی شتومەک و هەڵاوسان لەپاڵ ترس و مانەوەی خەڵک لە ماڵەکانیان گرنگرین هۆکارن کە کاریگەرییان لەسەر ئابووریی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان لە رۆژانی جەژنی نەورۆز هەبووە و ملیاران دۆلار زیانی بە ئێران  گەیاندووە