قالیباف: 7 ملیۆن ئێرانی ئامادەی چەکهەڵگرتنن
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی تونددا بۆ سەرۆکی ئەمریکا، هۆشداریی دا، کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر خاکی ئێران، بە وەڵامێکی توندی سەرجەم گەلی ئێران کۆتایی دێت.
پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە پەیامێکی راستەوخۆدا کە ئاراستەی دۆناڵد ترەمپ، سەرکی ئەمریکای کردووە، نووسیویەتی: "گوێ بگرە ئەگەر دەستدرێژی بکەیتە سەر ماڵەکەمان، رووبەڕووی تەواوی خێزانەکەمان دەبیتەوە."
قالیباف جەختی کردەوە، کە ئێرانییەکان شەڕخواز نین، بەڵام کاتێک پرسەکە دەبێتە بەرگری لە نیشتمان، هەموو تاکێک دەبێتە سەرباز.
هاوکات ئاشکرای کرد، 7 ملیۆن ئێرانی ئامادەیی خۆیان بۆ چەکهەڵگرتن و بەرگریکردن لە نیشتمان نیشانداوە دژی دوژمنانی داگیرکەر.
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران رایگەیاند: ئێرانییەکان تەنیا قسە لەسەر بەرگریی ناکەن، بەڵکو خویان لە پێناو وڵاتەکەیان فیدا دەکەن. دەشڵێت: "ئێمە چەکدار، ئامادە و خۆڕاگرین، با دوژمنان پێشڕەوی بکەن، چونکە چاوەڕوانیان دەکەین."
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.