یەکێتیی قوتابیان و لاوان داوای درێژکردنەوەی پشووەکان و کەمکردنەوەی کرێی خوێندن دەکات

یەکێتیی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان، لە نووسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵای کردووە، چەند پێشنیارێک بۆ رێکخستنەوەی ساڵی خوێندنی 2025-2026 دەخاتە ڕوو، کە تێیدا داوای درێژکردنەوەی پشووەکان و کەمکردنەوەی کرێی خوێندن دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، لە نووسراوەکەدا کە ئاراستەی لیژنەی هاوبەشی وەزارەتەکانی پەروەردە و خوێندنی باڵا کراوە، کۆپیەکی دەست کوردستان24، کەوتووە، ئاماژە بەوە دراوە بەهۆی "دۆخی نەخوازراوی ناوچەکە و هەرێمی کوردستان"، پێویستە چەند رێکارێکی تایبەت بۆ پاراستنی پڕۆسەی خوێندن و سەلامەتی قوتابیان بگیرێتە بەر.

گرنگترین پێشنیازەکانی یەکێتی قوتابیان بریتین لە:

1. درێژکردنەوەی پشووەکان: داوا کراوە پشووی قوتابخانەکان و ساڵنامەی خوێندن درێژ بکرێتەوە تا ئەو کاتەی دۆخی سیاسی و ئەمنی ناوچەکە جێگیر دەبێت.

2. پەیڕەوکردنی خوێندنی ئۆنلاین: جەخت لەسەر بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا و پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان کراوەتەوە بۆ بڵاوکردنەوەی وانەکان، بە شێوەیەک کە قوتابیان بتوانن لە ماڵەوە سوودی لێ ببینن و بارگرانی دارایی بۆ خێزانەکان دروست نەبێت.

3. چارەنووسی تاقیکردنەوەکان: پێشنیار کراوە کە ئەگەر دۆخەکە ئاسایی نەبووەوە، تاقیکردنەوەکان بۆ ماوەی سێ مانگ دوابخرێن، هەروەها ئاماژە بەوە کراوە ئەگەر ئەنجامدانی تاقیکردنەوە مەحاڵ بوو، قوتابیانی پۆلە ناکۆتاکان بە پشتبەستن بە "ساڵی فێرکاری" یان هەڵسەنگاندنی بەردەوام دەربچێنرێن، جگە لە پۆلەکانی 9ی بنەڕەتی و 12ی ئامادەیی کە پێویستە تاقیکردنەوەیان بۆ ئەنجام بدرێت.

4. داشکاندن لە کرێی خوێندن: بەهۆی خراپی دۆخی دارایی و کێشەی بودجە، یەکێتی قوتابیان داوای کردووە کە کرێی خوێندن لە قوتابخانە و پەیمانگە و زانکۆ ئەهلییەکان بە رێژەی %50 کەم بکرێتەوە یان بە تەواوی لێیان خۆشببن.

5. هەماهەنگی لەگەڵ کۆمپانیاکانی ئینتەرنێت: داوا کراوە حکومەت لەگەڵ کۆمپانیاکانی گەیاندن گفتوگۆ بکات بۆ دابینکردنی "پاکێجی تایبەتی ئینتەرنێت" بۆ قوتابیان بە نرخێکی گونجاو، تا بتوانن بەردەوام بن لە خوێندنی ئۆنلاین.

لە کۆتایی نووسراوەکەدا، یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان جەختی کردووەتەوە کە ئەم پێشنیارانە لە پێناو پاراستنی ژیانی قوتابیان و بەرژەوەندی نیشتمانییە، و داوای ڕەزامەندی خێرا لە حکومەت دەکەن بۆ جێبەجێکردنیان.