عێراقچی: پرد و باڵەخانە رووخاوەکان بە هێزتر بونیات دەنێینەوە

وەزیری دەرەوەی ئێران دووپاتی کردەوە، بە ئامانجگرتنی پڕۆژە تەواونەکراوەکان و پردەکان، گوزارشت لە شکستی سەربازی و تێکشکانی ئەخلاقیی لایەنی بەرانبەر دەکات.

پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: هێرشکردنە سەر ژێرخانە مەدەنییەکان، لەوانەش ئەو پردانەی هێشتا کارکردن تێیاندا تەواو نەبووە، ناتوانێت ئێرانییەکان ناچار بە خۆبەدەستەوەدان بکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت: "ئەم جۆرە هێرشانە تەنیا گوزارشت لە شکست و داڕمانی ئەخلاقیی دوژمنێکی شێواو دەکەن."

هاوکات جەختی کردەوە، کە وڵاتەکەی توانای هەیە هەموو پرد و باڵەخانە رووخاوەکان بە شێوازێکی جوانتر لە پێشوو بنیات بنێتەوە، بەڵام ئەو زیانەی بەر پێگەی ئەمریکا کەوتووە، هەرگیز قەرەبوو ناکرێتەوە و چاک نابێتەوە."

ئەم پەیامەی عێراقچی لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ پردی بیوان لە کەرەج لە لایەن فڕۆکەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بە ئامانج گیرا، کە بەرزترین پردی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بوو.