پزیشکیان: دەستوەردانی وڵاتان لە کاروباری گەرووی هورمز رەت دەکەینەوە
سەرۆککۆماری ئێران، هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی لە کاروباری گەرووی هورمز رەت کردەوە. دەشڵێت: تەواوی جیهان بەهۆی کردەوەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل کەوتوونەتە ژێر بارگرانی.
پێنجشەممە، 2ـی نیسانی 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، بە تەلەفۆن لەگەڵ ئەلیکساندەر ستەب، سەرۆککۆماری فینلەندا، گفتوگۆی کرد.
پزیشکیان لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، هەر جۆرە دەستوەردانێکی بیانی لە کاروباری "گەرووی هورمز"ی رەت کردەوە و جەختی کردەوە ناسەقامگیری لەو ناوچەیەدا دەرەئەنجامی راستەوخۆی هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلە.
هاوکات هۆشداریی دا، "کە کەشتییە نەیارەکان و ئەو لایەنانەی بەشدارن لە هێرشەکاندا، ناتوانن ئەم رێڕەوە ئاوییە نێودەوڵەتییە بۆ بەردەوامبوون لە هێرشەکانیان دژی ئێران بەکار بهێنن."
پزیشکیان ئاماژەی بەوە کرد، کە زۆرێک لە وڵاتانی ئەوروپا لە بەرانبەر یاساشکێنییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران و کوشتنی منداڵان، هەڵوێستێکی بێدەنگ یان تەنانەت لایەنگریان گرتووە، کە ئەمەش بە هیچ جۆرێک قبووڵکراو نییە.
سەرۆککۆماری ئێران رەخنەی توندی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپی گرت بەرامبەر هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل و رایگەیاند: کە تەواوی جیهان بەهۆی کردەوە دەستدرێژکارانەکانی ئەو دوو وڵاتەوە کەوتووەتە ژێر بارگرانی.
ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.
بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.