ئیمارات: بەرگرییە ئاسمانییەکانمان بەرپەرچی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێرانیان داوەتەوە
وەزارەتی بەرگریی ئیمارات رایگەیاند، بەرگرییە ئاسمانییەکانیان بەرپەرچی هێرشێکی مووشەکی و درۆنیی ئێرانیان داوەتەوە و داوا لە هاووڵاتییان دەکات پابەندی رێنماییە ئەمنییەکان بن.
هەینی 3ی نیسانی 2026، وەزارەتی بەرگریی ئیمارات لە راگەیەندراوێکی بەپەلەدا بڵاویکردەوە، لە چەند کاتژمێری رابردوودا بەرگرییە ئاسمانییەکانی وڵاتەکەیان روبەرووی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکان بوونەتەوە کە لە خاکی ئێرانەوە ئاراستەیان کراوە.
وەزارەتی بەرگری جەختی کردووەتەوە، ئەو دەنگە بەهێزانەی لە ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە دەبیسترێن، دەرەنجامی کارکردنی سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانییە بۆ تێکشکاندنی مووشەکە بالیستییەکان، کروز و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان.
هاوکات داوا لە هاووڵاتییان کراوە لە پاشماوەی مووشەکە تێکشکاوەکان دوور بکەونەوە و وێنەیان نەگرن، لە کاتی بینینی هەر پارچەیەکیشدا راستەوخۆ پەیوەندی بە ژمارە 999 بکەن.