وەزارەتی رێگاوبانی ئێران: لە بۆردومانکردنی پردی کەرەج 100 کەس بوونەتە قوربانی

بەهۆی بۆردومانکردنی پردی کەرەج زیاتر لە 100 کەس بوونەتە قوربانی و جێگری وەزیری رێگاوبانی ئێرانیش ئاماژە بەوە دەکات، جارێکی دیکە نۆژەندەکرێتەوە.

هۆشەنگ بازوەند، جێگری وەزیری رێگاوبانی ئێران رایگەیاند: ئەم پردە هێشتا نەکرابووەوە و بڕیار بوو لە ماوەیەکی نزیکی ئەمساڵ بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

بازوەند ئاماژەی بەوەش کرد، دروستکردنی ئەم پردە بۆ ئاسانکاری هاتوچۆی خەڵک بوو بەرەو باکووری وڵات و کەمکردنەوەی جەنجاڵی ترافیک ، بەڵام بۆردومانکردنی ئەم پردە نیشانەی بێدەسەڵاتی ئەمریکییەکانە، چونکە هێرش دەکەنە سەر ئەو شوێنانەی بۆ خزمەتی خەڵک دروست کراون.

هەروەها جەختی کردەوە کە ئەم پردە جارێکی دیکە دروست دەکرێتەوە و باشتر لە پێشوو پێشکەشی خەڵک دەکرێت، و ئاماژەی بەوە کرد کە لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێرانیشدا چەندین پرد کرانە ئامانج بەڵام دەستبەجێ نۆژەن کرانەوە.

لە ئەنجامی هێرشی دوێنێی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر پردی B1 لە کەرەج، 8 کەس کوژراون و 95 کەسی دیکەش بریندار بوون کە ئەم کەسانە لە دانیشتووانی گوندی "بیڵەقان"، گەشتیاران و ژمارەیەک خێزان کە بەبۆنەی "ڕۆژی سروشت" (سێزدەبەدەر) لە ناوچەکەدا بوون.