هەواڵگری ئەمریکا: ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری گەرووی هورمز نابێت

سێ سەرچاوەی ئاگادار بۆ "رۆیتەرز" ئاشکرایان کردووە، راپۆرتە نوێیەکانی هەواڵگری ئەمریکا هۆشداری دەدەن لەوەی بە دووری دەزانن ئێران لە داهاتوویەکی نزیکدا گەرووی هورمز بکاتەوە، بەگوێرەی راپۆرتەکان، تاران ئەو رێڕەوە ئاوییە گرنگە وەک تەنها کارتێکی فشار بەرانبەر واشنتن بەکاردەهێنێت.

شەممە 4ـی نیسانی 2026، ئاژانسی "رۆیتەرز" رایگەیاند، راپۆرتە هەواڵگرییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هێشتنەوەی گەرووی هورمز بە داخراوی، ستراتیژی تارانە بۆ بەرز راگرتنی نرخی وزە لە بازاڕە جیهانییەکاندا، ئەمەش وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت بۆ فشار خستنە سەر دۆناڵد ترەمپ تا کۆتایی بەو جەنگە بهێنێت کە پێنج هەفتەیە بەردەوامە و لە ناوخۆی ئەمریکادا ناڕەزایەتی لێ کەوتووەتەوە.

عەلی واعیز، بەڕێوەبەری پڕۆژەی ئێران لە گرووپی قەیرانە نێودەوڵەتییەکان، دەڵێت: "لە هەوڵیدا بۆ رێگریکردن لە ئێران بۆ دروستکردنی چەکی کۆمەڵکوژ، ئەمریکا چەکێکی دیکەی پێ بەخشی کە ئەویش چەکی پەکخستنی گشتییە"، واعیز جەختی کردەوە، کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز بۆ تاران کاریگەرترە تەنانەت لە چەکی ئەتۆمیش بۆ هەژاندنی بازاڕەکانی جیهان.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی: "بە کەمێک کاتی زیادە، دەتوانین بە ئاسانی گەرووی هورمز بکەینەوە و کۆنترۆڵی نەوت بکەین"، بەڵام شرۆڤەکاران هۆشداری دەدەن کە هەر هەوڵێکی سەربازی بۆ کردنەوەی گەرووەکە تێچوویەکی زۆری دەبێت و ئەگەری هەیە ئەمریکا پەلکێشی ناو شەڕێکی زەمینی درێژخایەن بکات، چونکە ئێران دەتوانێت لە قووڵایی خاکەکەیەوە بە مووشەک و درۆن هێرش بکاتە سەر کەشتییەکان.

لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگ لە 28ـی شوباتەوە، سوپای پاسدارانی ئێران چەندین شێوازی جیاوازی وەک: مینڕێژکردنی دەریا، هێرشکردنە سەر کەشتییە مەدەنییەکان و سەپاندنی سەرانە (باج)ـی بەکارهێناوە، ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی پێوانەیی نرخی نەوت و دروستبوونی قەیرانی سووتەمنی لەو وڵاتانەی پشت بە نەوتی کەنداو دەبەستن.


بیڵ بێرنز، بەڕێوەبەری پێشووی ئاژانسی هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (CIA) رایگەیاندووە، تەنانەت دوای کۆتایی هاتنی جەنگیش، ئێران بە ئاسانی دەستبەرداری کۆنترۆڵی گەرووەکە نابێت، پێشبینی دەکرێت تاران گەرووەکە وەک سەرچاوەیەکی دارایی بەکاربهێنێت لە رێگەی وەرگرتنی "باجی تێپەڕبوون" بۆ ئاوەدانکردنەوەی ئەو وێرانکارییانەی بەهۆی جەنگەوە تووشی بووە، هەروەها وەک گەرەنتییەک بۆ رێگریکردن لە هێرشی داهاتوو لە هەر رێککەوتنێکی ئاشتیدا بەکاریبهێنێت.