مەکگۆرک: دانوستانەکان لەگەڵ تاران گەیشتوونەتە بنبەست و مەرجەکانمان ناگۆڕدرێن

برێت مەکگۆرک، رێکخەری پێشووی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆشکی سپی، رایگەیاند، هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن لەگەڵ ئێران گەیشتوونەتە "رێگەی داخراو".

شەممە 4ـی نیسانی 2026، برێت مەکگۆرک رێکخەری پێشووی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆشکی سپی، لە چاوپێکەتنێکدا لەگەڵ کەناڵی " سی ئێن ئێن" رایگەیاند،"کەلێنێکی گەورەی بێمتمانەیی لە نێوان لایەنەکاندا هەیە، ئەمەش بووەتە رێگر لەبەردەم هەر هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ راگرتنی شەڕ، ئاماژەی بەوەش کردووە، واشنتن هیچ نەرمییەک لە مەرجە سەرەکییەکانی خۆی نیشان نادات.

بەگوێرەی قسەکانی مەکگۆرک، ئیدارەی ئەمریکا جەخت لەسەر دوو خاڵی سەرەکی دەکاتەوە وەک مەرجی پێشوەختە بۆ هەر جۆرە ئاگربەستێک:
1-  کردنەوەی تەواوەتی و بێمەرجی گەرووی هورمز بۆ هاتوچۆی کەشتییە نێودەوڵەتییەکان.
2-  رادەستکردنی تەواوی کۆگاکانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بە لایەنە نێودەوڵەتییەکان.

ئەم لێدوانانەی برێت مەکگۆرک رێکخەری پێشووی کاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆشکی سپی لە کاتێکدایە، جەنگ پێی ناوەتە هەفتەی پێنجەمی خۆی و هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر بنکە ستراتیژییەکانی ئێران بەردەوامن. 

مەکگۆرک ئاماژەی بەوەش کردووە، تاوەکوو ئەو کاتەی تاران پابەندییە نێودەوڵەتییەکان جێبەجێ نەکات، فشارە سەربازی و دیپلۆماسییەکان بۆ سەر ئەو وڵاتە چڕتر دەبنەوە بە ئامانجی پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە و رێڕەوە ئاوییە جیهانییەکان.