فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا دەیەوێت هەڵبژاردەیەکی مۆندیال بێ راهێنەر بکات

هەڵبژاردەی ئیتاڵیا
هەڵبژاردەی ئیتاڵیا

دوای ئەوەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا نەیتوانی لە کۆتا قۆناغی پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، بەرامبەر هەڵبژاردەی بۆسنە بردنەوە بەدەست بهێنێت و لە سێیەم مۆندیالی لەسەر یەک بێ بەش بوو، بەرپرسانی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە لە هەوڵی ئەوەدان، راهێنەرێکی نوێ لە شوێنی گێنارۆ گاتوزۆ دەست نیشان بکەن.

ئەمڕۆ شەممە 4ـی نیسانی 2026 رۆژنامەی Tuttosportـی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، دوای دۆڕانەکەی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بەرامبەر بۆسنە و بێ بەشبوونیان لە مۆندیالی 2026، گێنارۆ گاتوزۆ وازهێنانی لە پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیە راگەیاند، بۆیە بەرپرسانی تۆپی پێ ئەو وڵاتە هەوڵ بۆ دەستنیشانکردنی شوێنگرەوەکەی دەدەن.

سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە بەرپرسانی تۆپی پێی ئیتاڵیا پێیانوایە باشترین بژاردە بۆ راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، ڤیچێنزۆ مۆنتێلا هێرشبەری پێشووی هەڵبژاردەکەیان و هەروەها راهێنەری ئێستای هەڵبژاردەی تورکیایە.

رۆژنامەی Tuttosport بڵاویشی کردووەتەوە خودی مۆنتێلا ئارەزووی وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی هەیە، بەڵام بەهۆی ئەوەی ئامانجیەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی تورکیا بەشداری مۆندیالی 2026 بکات، رەنگە لەم کاتەدا ئامادەنەبێت بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە.

لەلایەکی دیکەوە سەرچاوە وەرزشیەکانی تورکیا باس لەوە دەکەن، بەرپرسانی تۆپی پێی وڵاتەکەیان زۆر ئەستەمە پێش مۆندیالی 2026، رێگە بە ڤیچێنزۆ مۆنتێلا راهێنەری هەڵبژاردەکەیان بدەن واز لە پۆستەکەی بهێنێت، هەروەها ئەوان بەو هیوایەن راهێنەرە ئیتاڵیەکەیان تاوەکو یۆرۆی 2032 لەگەڵیان بەردەوام بێت، کە بڕیارە پاڵەوانێتیەکە بە هاوبەشی لە نێوان تورکیا و ئیتاڵیا بکرێت.