هاوشێوەی ڕووسیا ئێران داوا لە فیفا دەکات ئەندامێتی ئیسرائیل هەڵپەسێرێت

فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران
فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران


وەزارەتی وەرزشی ئێران فیفا بەوە تۆمەتبار دەکات، کە نەیتوانیوە هاوشێوەی رووسیا مامەلە لەگەڵ ئیسرائیل بکات، لە هەمان کاتدا داواشی کردووە ئەندامێتی ئەو وڵاتە لە فیفا هەڵپەسێرێت.

ئەحمەد دونیا مالی، وەزیری وەرزشی ئێران لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵوی تورکی، سەبارەت بە هەڵپەساردنی ڕووسیا لەلایەن ڕێکخراوە وەرزشییە نێودەوڵەتییەکانەوە دوای جەنگی ئۆکرانیا، لە کاتێکدا هیچ بڕیارێک دژی ئیسرائیل نەدراوە سەرەڕای ئەو کۆمەڵکوژییە تۆقێنەرانەی لە کەرتی غەززە ئەنجامدراون و هێرشکردنە سەر ئێرانیش لە دوو بۆنەی جیاوازدا لە ماوەی 9 مانگدا، گووتی '' ئیسرائیل لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پشتگیری دەکرێت، سەرەڕای ئەوەی ئێران لە ماوەی نۆ مانگی ڕابردوودا دوو جار ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە، کەچی دووفاقی لە پێوەرەکاندا دەبینین. ئیسرائیل هێرشی کردووەتە سەر غەززە و زیاتر لە 80 هەزار کەس لە کۆمەڵکوژییەکی ترسناکدا کوژراون، ئەم دووفاقییە لە وەرزشیشدا پەیڕەو دەکرێت. هیوادارم جیهانی وەرزش بگاتە ئاستێکی دادپەروەرانەتر و ڕۆحیەتێکی وەرزشیی پاکتر ''.

سەبارەت بە دەستەوەستانبوونی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لە دەرکردنی بڕیاری سزادان بەسەر ئیسرائیلدا لە پای ئەنجامدانی تاوانەکانی جەنگ، دونیا مالی ڕایگەیاند '' ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ئەنجومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، پێوەری دووفاقی پەیڕەو دەکەن، ئەوان یان بێدەنگی هەڵدەبژێرن، یان لە بەرژەوەندیی دەستدرێژیکاردا قوربانییەکە سەرکۆنە دەکەن. ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە لە ڕاستیدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بوونێکی نییە و لاواز بووە ''.