قالیباف: ناوچەکە دەسووتێت و ئەمریکا دەکەوێتە نێو دۆزەخێکی راستەقینە

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند، سیاسەتەکانی واشنتن ئەمریکا پەلکێشی نێو دۆزەخێکی راستەقینە دەکەن. هۆشداریشی دا جێبەجێکردنی فەرمانەکانی ناتانیاهۆ ناوچەکە دەسووتێنێت

یەکشەممە 5ـی نیسانی 2026، محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، لە کاردانەوەیەکی بەرانبەر هەڕەشەکانی ئەم دواییەی دۆناڵد ترەمپ، رایگەیاند، سیاسەتەکانی واشنتن ناوچەکە بەرەو کاولکاری دەبەن و گەلی ئەمریکاش رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدار دەکەنەوە.

قاڵیباف لە پەیامێکدا کە لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاویکردەوە، رایگەیاند: "هەنگاوە بێباکانەکانتان خەریکە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەلکێشی نێو دۆزەخێکی راستەقینە دەکات کە کاریگەریی بۆ سەر هەموو خێزانێکی وڵاتەکەتان دەبێت." جەختیشی کردەوە کە سووربوونی واشنتن لەسەر جێبەجێکردنی "فەرمانەکانی ناتانیاهۆ" دەبێتە هۆی سووتانی تەواوی ناوچەکە.

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران گوتیشی: "هەڵە نەکەن، ئێوە لە رێگەی ئەنجامدانی تاوانی جەنگەوە هیچ دەستکەوتێکتان نابێت." ئەم لێدوانە ئاماژەیە بۆ هەڕەشەکانی ترەمپ دەربارەی بۆردوومانکردنی ژێرخانە مەدەنییەکانی ئێران وەک وێستگەکانی کارەبا و ئاو.

قالیباف جەختی لەوە کردەوە، زمانی هەڕەشە و جەنگ بێسوودە و تاکە چارەسەری راستەقینە بۆ کۆتاییهێنان بەم یارییە مەترسیدارە، تەنیا رێزگرتنە لە مافەکانی گەلی ئێران."