گرووپی ئەسحابولکەهف بەرپرسیارییەتی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانی راگەیاند
گرووپی چەکداری ئەسحابولکەهف، کە یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، بەرپرسیارێتی خۆی لە هێڕشکردنە سەر هەرێمی کوردستان راگەیاند.
دووشەممە 6ـی نیسانی 2026، بەگوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمی گرووپی چەکداری ئەسحابولکەهف، کە یەکێکە لە گرووپەکانی سەر بە "بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، هێرشەکە لەرێگەی دوو درۆنەوە ئەنجامدراوە، گرووپەکە ئاماژەی بەوە کردووە، ئەم ئۆپەراسیۆنە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ بە ئامانجگرتنی "دەروازەی سنووریی شەلامچە".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: "ئۆپەراسیۆنەکانمان بەردەوام دەبن و لە داهاتوودا بە شێوازێکی چڕتر پەرەیان پێ دەدەین، هەروەها گرووپەکە هۆشداری توندی داوەتە هاووڵاتیانی مەدەنی کە لە بنکە و شوێنەکانی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا و ئەو کەسانەی بە "بەکرێگیراو" ناویان بردوون، دوور بکەونەوە بۆ ئەوەی گیانیان پارێزراو بێت.
ئەم هێرشە لە کاتێکدایە کە گرژییەکان لە ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی بەرز و گرووپە چەکدارەکان جەخت لەسەر بەردەوامیی هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان و هێزە بیانییەکان دەکەنەوە.