12 ملیۆن ئێرانی ئامادەی خۆیان بۆ بەرگری لە وڵاتەکەیان رادەگەیەنن

ئەسکەندەر مومنی، وەزیری ناوخۆی ئێران، لەگەڵ جێگرانی وەزارەت، پارێزگاران و قایمقامەکان، وەک ئەندامانی سەرەکیی وەزارەتی ناوخۆ، بەشدارییان لە هەڵمەتی نیشتمانیی "گیانبەخش" کرد.

وەزیری ناوخۆ وێڕای ستایشی پێشوازیی بەرفراوانی هاووڵاتییان لەم هەڵمەتە، رایگەیاند، لە ماوەی تەنیا 10رۆژدا، زیاتر لە 12ملیۆن ئێرانی لە چین و توێژە جیاوازەکان ئامادەیی خۆیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەربڕیوە. مومنی جەختی کردەوە: "سوپاسگوزاری فیداکاری و حەماسەی گەلەکەمانین؛ ئامادەین لەگەڵ ملیۆنان ئێرانیی دڵسۆز، ڕیزێکی یەکگرتوو و بەربەستێکی پتەو لە بەرانبەر دەستدرێژیکاران پێکبهێنین و شکستی دوژمنان مسۆگەر بکەین."

بەپێی راپۆرتی ئاژانسی "ئیرنا"، هاوکات لەگەڵ هەڕەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی کەناراوەکان، دوورگەکان و سنوورەکانی ئێران، هەڵمەتی جەماوەریی "گیانبەخش بۆ ئێران" بە ئامانجی راگەیاندنی ئامادەیی گەل بۆ بەرگریکردن لە وڵاتەکەیان دەستی پێکردووە و ڕۆژانە ژمارەی بەشداربووان ڕوو لە زیادبوونە.