لە هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان نزیکەی 800 کەس کوژران و برینداربوون

وەزارەتی تەندروستی لوبنان، نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی وڵاتەکە بڵاوکردەوە.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، وەزارەتی تەندروستی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە ئەنجامی دەستدرێژییەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی لوبنان، تاوەکوو ئێستا 87 کەس گیانیان لەدەستداوە و 700 کەسی دیکەش بریندار بوون."

هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم ئامارانە سەرەتایین و بەهۆی سەختی برینی هەندێک لە بریندارەکان و بەردەوامی گەڕان بەدوای قوربانییەکاندا، ئەگەری زیادبوونی ژمارەی کوژراو و بریندارەکان لە ئارادایە.

چوارشەممە 8ـی نیسانی 2026، یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگری ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "پێداگیرین لەسەر جیاکردنەوەی جەنگی ئێران لە جەنگی ناو لوبنان، ئەوەش لە پێناو نەهێشتنی هەڕەشەکان لەسەر باکووری ئیسرائیل.

وەزیری بەرگری ئیسرائیل هەڕەشەی لە ئەمینداری گشتی حزبوڵڵاش کرد و گوتی: "هۆشداریمان دابووە نەعیم قاسم کە حزبوڵڵا باجێکی قورس دەدات لەبەرامبەر هێرشکردنە سەر ئیسرائیل لە جیاتی ئێران، بۆیە دڵنیابن نۆرەی ئەویش نەعیم قاسم دێت، ئاماژەی بەوەش کرد، سەدان ئەندامی حزبوڵڵا لە گەورەترین گورزدا لە ناو بارەگاکانیان کراونەتە ئامانج.

سوپای ئیسرائیل ئەمڕۆ چوارشەممە، توندترین شەپۆلی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر لوبنان دەستپێکرد کە هەموو شارەکان و بەیروتی پایتەختیشی گرتەوە، تەنها لە ماوەی 10 خولەکدا 100 هێرشی ئاسمانی ئەنجامدرا.

 سوپای ئیسرائیل دەڵێت ئەم پلانە لەسەر بنەمای زانیاری وردی هەواڵگری بووە و یەکەکانی سەربازیی و سەکۆی مووشەکی و درۆنەکانی حزبوڵڵایان کردووەتە ئامانج.

لە لایەکی دیکەوە، حکوومەتی لوبنان رایگەیاند، بەهۆی ئەم بۆردومانە چڕەوە سەدان کەس کوژراون و بریندار بوون، هەروەها تیرۆرکردنی سادق نابلسی یەکێک لە سەرکردەکانی حزبوڵڵای راگەیاند.

لە بارەی زیانەکانی ئەو هێرشەوە، راکان ناسرەدین، وەزیری تەندروستی لوبنان، ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی قوربانییەکان زۆرە و نەخۆشخانەکانی وڵاتەکە بەهۆی زۆری بریندارەکانەوە چیتر جێگەیان نەماوەتەوە.