لە سلێمانی فیلمی "سپی وەک سوور" نمایش دەکرێت
کورتەفیلمی "سپی وەک سوور"، کە لە سیناریۆ و دەرهێنانی کەریمۆک غەفوورە، لە سلێمانی لە سیتی سینەما نمایش دەکرێت.
شەممە، 11ی نیسانی 2026، کەریمۆک غەفوور، دەرهێنەری ئەو کورتەفیلمە بە کوردستان24ی گوت، "کورتەفیلمی "سپی وەک سوور"، کاتەکەی 14 خولەکە، لە فێستیڤاڵی کورتەفیلم لە سلێمانی لە بەشی پێشبڕکێدایە، ئەو بەشداریی لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی بەغداش کردووە، هەروەها لە کۆمەڵێک فێستیڤاڵی دیکەش وەرگیراوە کە بڕیارە لەمساڵدا بەڕێوەبچن کە بەشێک لە فێستیڤاڵەکان کوردین و هیوادارم بتوانین خەڵات بەدەستبهێنین."
ئەو دەرهێنەرە باس لە چیڕۆکی فیلمەکە دەکات و دەڵێت: "چیرۆکی فیلمەکەمان باس لە چەپاندنی کۆمەڵایەتی دەکات، کە تاکەکانی کۆمەڵگە لەژێر کۆمەڵێک دابونەتریتی کۆمەڵایەتی دەچەوسێندرێنەوە و ناتوانن بگەن بە ئامانجەکانی خۆیان، ئەو کەسانە گەر گەورەش بن هەمیشە بیر لەو چەپاندنە دەکەنەوە. کارەکتەری سەرەکی فیلمەکە کەسێکی پیرە، لە مزگەوتێکدا دەژی، کاتی خۆی بە خۆشەویستەکەی نەگەشتووە، ئێستاش هەمیشە بیر لەوە دەکاتەوە کە بە خۆشەویستەکەی بگات."
کورتەفیلمی "سپی وەک سوور"، کە لە دەرهێنانی کەریمۆک غەفوورە و هەر یەکە لە، زاهیر غەریب و رۆزا محەممەد و هێڤار مەحموود رۆڵی سەرەکی تێدا دەگێڕن، بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، لە سلێمانی لە سیتی سینەما نمایش بکرێت.