بەریتانیا: بێئومێدین لە بێ ئەنجامی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران
وەیس ستریتینگ، وەزیری تەندروستی بەریتانیا رایگەیاند، جێگەی بێئومێدییە دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە ئیسلام ئاباد گەیشتوونەتە بنبەست، هاوکات لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپی لە سۆشیاڵ میدیا بە نەخوازراو و جێگەی سەرنج وەسف کرد.
یەکشەممە 12ـی نیسانی 2026، وەیس ستریتینگ وەزیری تەندروستی بەریتانیا، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "سکای نیوز" گوتی: "بەدڵنیاییەوە جێگەی بێئومێدییە کە تاوەکوو ئێستا هیچ پێشکەوتنێکمان لە دانوستانەکاندا نەبینیوە بۆ گەیشتن بە کۆتاییەکی بەردەوام بۆ ئەم جەنگەی ئێران".
وەزیری تەندروستی بەریتانیا گوتیشی، لە بەردەوامی هەوڵە دیپلۆماسییەکان تاوەکوو ئەو کاتەی سەردەکەویت، وەک ئەوە وایە شکستت هێنابێت، بۆیە پێیوایە هەرچەندە ئەم گفتوگۆیانە سەرکەوتوو نەبوون، بەڵام واتای ئەوە نییە کە نابێت بەردەوام بن لە هەوڵدان.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، وەزیری تەندروستی بەریتانیا رەخنەی لە شێوازی دەربڕینەکانی دۆناڵد ترەمپ گرت و گوتی: "پێموانییە قسەیەکی جێگەی مشتومڕ بێت ئەگەر بڵێین بڵاوکردنەوەی هەڕەشەی کۆتاییهێنان بە شارستانییەتی ئێران لە سۆشیاڵ میدیا، کارێکی زۆر نائاسایی و سەیرە".
ئەم لێدوانانەی وەزیرە بەریتانییەکە لە کاتێکدایە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوەڕوانی گەیشتن بە رێککەوتن بوو لە ئیسلام ئاباد بۆ راگرتنی پەرەسەندنی گرژییە سەربازییەکانی نێوان واشنتن، تەلئەڤیڤ و تاران، بەڵام شاندی هەردوو وڵات دوای دانوستان بۆ زیاتر لە ماوەی 21 کاتژمێر بە دەستی بەتاڵ گەڕنەوە بۆ وڵاتەکانیان.